یوسف محەمەد سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لەسەر هێرشکردنە سەر پەرلەمانتار بەهار مەحمود هاتە دەنگ و ڕایگەیاند "ئەو کارە شکاندنی شکۆی پەرلەمانتارانە كه نوێنەرایه‌تیی گەلی كوردستان ده‌كه‌ن".
سەرۆکى پەرلەمان داواشى کردووە، دەزگا ئەمنییەکان هێرشبەرەکان ڕوبەڕووى یاسا بکەنەوە و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كانی پەرلەمانیشی ڕاسپارد بە چاودێریکردنى ڕەوتى لێکۆڵینەوەکان لەو ڕووداوە.
یوسف محەمەد سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى هێرشکردنە سەر بەهار محەمەد ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە قەزاى شەقڵاوە ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بەداخەوە ئەمڕۆ پاش ئەوەی د. بەهار مەحمود جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لە سازکردنی کۆڕێک لە شاری شەقلاوە تەواو دەبێت، لە هەوڵێکی گوماناویدا، هەوڵی هێرشکردنە سەری دەدرێت. ئەم روداوە ناشارستانیه پاش ئەوە دێت کە ئەمڕۆ لە سلێمانیش هەوڵی فڕاندنی پەرلەمانتار فەرهاد سەنگاویی درا".
سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕاشیگەیاندووە "ئێمە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی كوردستان بە توندی ئەم ده‌ستدرێژییانه بۆ سه‌ر په‌رلەمانتاران ئیدانە دەکەین و بە هەوڵێکی دەزانین بۆ شکاندنی شکۆی پەرلەمانتاران كه نوێنەرایه‌تیی گەلی كوردستان ده‌كه‌ن پاش ئه‌وه‌ی كه بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی ٢ ساڵیشه به شێوه‌یه‌كی نادیموكراسی په‌رله‌مانی كوردستان په‌كخراوه".
لە کۆتایى ڕاگەیاندراوەکەى سەرۆکى پەرلەماندا هاتووە "له‌كاتێكدا داوا ده‌كه‌ین ده‌زگا ئه‌منیه په‌یوه‌ندیداره‌كان لێكۆلینه‌وه له ڕوداوه‌كه بكه‌ن و تاوانباران روبه‌ڕوی یاسا بكه‌نه‌وه، لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كانی پەرلەمانیش رادەسپێرین، چاودێریی ڕه‌وتی لێكۆڵینه‌وه له روداوەکە بکه‌ن و، بۆ ڕای گشتیی ڕابگەیەنن".
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بەهار مەحمود ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان لەدواى تەواوبوونى کۆڕێکى لە قەزاى شەقڵاوە لەلایەن کەسێکەوە هێرشکرایە سەری.