جەمیل بایك هۆشداری بە هێزەكانی باشوور دەدات

هاوسەرۆكی كەجەكە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی میتی توركیا دژی پەكەكە رایگەیاند، كە هێزەكانی باشور پێویستە لە بەرامبەر پیلان و داوەكانی دەوڵەتی توركیا هۆشیار بن.

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بە كەناڵی (نیوز چانێڵ)ی ڕاگەیاندووە "هەمووان دەزانن كە هێرش و پیلانگێڕی قورسی دەوڵەتی تورك دژی بزوتنەوەكەمان لە گۆڕێدان، هەمووان دەزانن كە فاشیزمی ئەردۆغان و باخچەلی چۆن هێرش دەكاتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بزوتنەوەكەمان، دەیانەوێت گورز لە بەڕێوەبەرایەتی بزوتنەوەكەمان بدەن و هەموو سیاسەتەكانیان لە سەر ئەو بنەمایە دادەڕێژن".

هاوسەرۆكی كەجەكە وتیشی "ئێمە ئاگادارین كە ئەردۆغان و باخچەلی دەیانەوێت لە ڕێگای سوپای تورك و شەڕی تایبەت و میتی توركەوە پیلانگێڕی و هێرش بكەنە سەر بەڕێوەبەرایەتی پەكەكە، دەیانەوێت كردەوەی لە جۆری ڕفاندن و كوشتن دژی بەڕێوەبەرایەتی پەكەكە بەڕێوەببەن و بەم شێوەیە هەنگاو بنێن لە ئاستی قڕكردنی گەلی كورددا، ئەوان چارەنووسی خۆیان گرێداوە بە ئەنجامدانی ئەو كردەوانە".


ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا "بۆ ئەوە هەموو توانا و دەرفەتەكانیان بەكاردێنن، هەموو سیاسەتە ناوخۆ و دەرەوەكانیان لەسەر ئەو بنەمایە داڕشتووە، بەتایبەتی خۆیان ڕێكخستووە بۆ ئەم مەبەستە، بۆ ئەو پیلانەشیان نەك تەنیا لە باكور و توركیا، بەڵكو لە ئەوروپا و لە باشوری كوردستان و هەموو ناوچەكانی دیكە هەوڵ دەدەن، ئەو قسانەی بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی پیلانی میتەوە ڕاستن، میتی تورك هەم لە ناوچەی بەرێوەبەرایەتی پارتی و هەم لە ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی یەكێتی بەنیازی ئۆپەراسیۆنی دژی پەكەكە خۆی ڕێكخستووە، لەم نێوانەدا بەڕێز ئەحمەد پیرە دەڵێت كە یەكێتی ئاگاداری ئەو پیلانانە نەبووە، هیوادارین هەر وا بێت".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە ڕایگەیاند "لەباشوری كوردستان هەندێك لقی میت هەن، كە بە مەبەستی شەڕی تایبەت كاردەكەن، ئێمە لەو بارەیەوە زانیاریمان لەبەر دەستدایە، بێگومان نابێت هێزو حزبەكانی باشوری كوردستان لەناو ئەو كار و پیلانانەی میتی تورك دا جێبگرن، ئیمە هیوادارین وا بێت، ئەگەر لەناو ئەو پیلانانەدا جێبگرن گەورەترین دوژمنایەتی پەكەكە و گەلی كوردیان كردووە، ئەو كارە گەورەترین خزمەت دەكات بە سیاسەتی فاشیزم و پیلانگێڕی، ئێمە مەزەندە ناكەین كە هیچ هێزێكی كوردی لە ناو ئەو پیلانانەدا ڕۆڵ بگێڕێت، دەوڵەتی تورك پاش پیلانگێڕییەكی كە دژی ڕێبەرەكەمان بەڕێوەیبرد، هەوڵیدا پیلانگێڕی دیكە ئەنجام بدات، بەڵام ڕێگریكرا لە بە ئەنجام گەیشتنی ئەو پیلانگێڕییەوە و شكستی هێنا".

جەمیل بایك ڕاشیگەیاند "دەوڵەتی پیلانگێڕو فاشیستی تورك و بەتایبەتی دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باخچەلی هەوڵدەدەن دژی بزوتنەوەكەمان پیلانگێڕی بكەن، دەیانەوێت هێزەكانی باشوری كوردستان بەشداری ئەو پیلانگێڕیانە بكەن، واتە یەكێتی و پارتی بەشداری ئەو پیلانانەی خۆیان بكەن، بەتایبەتی دەیانەوێت یەكێتی و پارتی بەشداری پیلانی وا بكەن كە هەم مەترسیدارە بۆیان و هەم هیچ خێرێكی تێدا بۆیان نییە، بۆ ئەوەش هەموو هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ".

لەكۆتاییدا وتی "هیوادارین ئەو هەوڵانەیان بە ئەنجام نەگات، چونكە ئەگەر بە ئەنجام بگەن خیانەتی گەورە ڕوودەدات، ئەوە نەتەنیا خیانەت بە پەكەكەیە، بەڵكو خیانەتێكی گەورەشە بە گەلی كورد، نابێت هیچ هێزێكی كوردستانی هاوكاری پیلانگێڕییە قێزەونەكانی دەوڵەتی فاشیستی تورك بكات، نابێت بەگوێرەی داواكاری و ئامانجەكانی دەوڵەتی تورك هەڵوێست بگرن، چونكە بەم كارە گەورەترین زیان بە خۆیان دەگەیەنن، بەم بۆنەیەشەوە هەموو هێزەكانی باشوری كوردستان هۆشیار دەكەمەوە كە نەكەونە داوی پیلانگێڕییەكانی دەسەڵاتداریی توركەوە".



PM:02:41:29/08/2017