بەریتانیا..پەنابەرێکی کورد بەتۆمەتى هاوکاریکردنی داعش دەستگیر دەکرێت

ڕۆژنامەکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە گەنجێکی کورد کارت و ژمارە مۆبایلی ڕەوانەی عێراق و سوریا کردووە بۆ هاوکاریکردنی چەکدارانی داعش.

ڕۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە، گەنجێکی کورد بەناوی ڕابەر مەلا تەمەنی ٣٢ ساڵە و لە شاری وارینگتۆن لە ئینگلتەرا دەژی و کارت و سیمکارتەکانی لە بەریتانیا چالاک کردووە و ناردوونی بۆ چەکدارانی داعش لە ناوچە جەنگییەکان.

بەگوێرەی هەواڵی ڕۆژنامە بەریتانیەکە، چەکدارانی داعش سیمکارتەکانیان بۆ دروستکردنی ئەکاونتی فەیسبووک و تویتەر بەکارهێناوە تا لە ڕێگایانەوە خەڵکی زیاتر ڕاکێشن بۆ ناو ڕیزەکانیان.

دادوەرانی دادگای وێستمینستەر ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو گەنجە لە ٢٠٠٨دا داوای مافی پەنابەری لە بەریتانیا کردووە، بەڵام داواکەی ڕەتکراوەتەوە.

کاسرین سێلبی دادوەر وتوویەتی "گومانلێکراوەکە زیاد لە ٤٠٠ سیمکارت لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە و لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵدا ئەو سیمکارتانەی لە بەریتانیا چالاککردووە''.

سێلبی وتووشیەتی "دواتر سیمکارتەکان نێردراون بۆ خەڵکی سوریا و عێراق بۆئەوەی ئەکاونتی سۆشیال میدیای پێ دروستبکەن و بتوانن لەڕێگەیەوە هاوکاری و پاڵپشتی داعش بکەن".

ڕۆژنامە بەریتانیەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ئەو گەنجە لە ٢٠ی ئابدا لەلایەن یەکەکانی دژە تیرۆرەوە دەستگیرکراوە و پۆلیسی پشکنەر چەند ڕۆژێک ماڵ و شوێنکارەکەییان پشکنیوە.

هەروەها تان ئیکرام، دادوەر ئاماژەی بەوە کردووە، بە پێی ماددەی ١٦ی ساڵی ٢٠٠٠ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆردا دەستگیرکراوە و لە زینداندا دەهێڵرێتەوە و کەیسەکەی ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی ئینگلتەرا (ئۆڵد بەیلی) دەکرێت و بڕیارە لە ٢١ی ئەیلولدا دادگایی بکرێتەوە.



PM:01:47:02/09/2017