ژن و مێردێك چەند هەزار میلێك دەبڕن بۆ ئەوەی لە بووكەكەیان بدەن

پۆلیسی فلۆریدا بڵاویكردۆتەوە ژن و مێردێكی هندی لە وڵاتی خۆیانەوە هەشت هەزار میل دەبڕن بەرە و ئەمریكا تاوەكو لە ژنی كوڕەكەیان بدەن و فێری دیسپلینی بكەن.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویكردەوە، پۆلیسی فلۆریدا ئاماژەی بەوە كردووە، جاسبیر كالسی تەمەن ٦٧ ساڵ و بوپیندەری تەمەن ٦٢ ساڵی هاوسەری لە هەرێمی پونجابەوە چوونەتە ناوچەی هیلسبرە لە فلۆریدا تاوەكو لە هاوسەری كوڕەكەیان بدەن و ئامۆژگاری بكەن.

سیلكی گەیندی تەمەن ٣٣ ساڵ كە هاوسەری كوڕەكەیە كاتێك لەلایەن پۆلیسەوە دۆزراوەتەوە، شوێنەواری ئەشكەنجە بە لەشییەوە دیار بووە و بە وتەی خۆی خەزور و هاوسەرەكەی هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردووە.

بە وتەی پۆلیس، پێش ئەوەی بگەنە ماڵەكەی لە فلۆریدا، سیلكی گەیند ماوەیەك لە ماڵەكەدا زیندانی كراوە و تەنانەت كاتێك چوونەتە بەردەم دەرگاكە، ڕێگەیان نەداوە بە پۆلیس بچنە ژووەرەوە هەتا سیلكی داوای هاوكاری كردووە بۆ خۆی و كچە یەك ساڵانەكەی.

سەرەڕای بڕینی ئەو ڕێگا دوورە، بەڵام ئەوە ئاشكرانەكراوە كە هاوسەری كوڕەكەیان چ كارێكی كردووە كە ئەوان چوون لێی بدەن و ئامۆژگاری بكەن.

هەریەك لە هاوسەرەكەی و خەسو و خەزوری دەستگیركراون و لە دادگادا ڕووبەڕووی چەند تۆمەتێكی جیاواز دەكرێنەوە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.



AM:09:37:06/09/2017