مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی حیزبەکەی و دۆستەکانی رایگەیاند" گوشارێکی زۆر بۆ دواخستنی گشتپرسی هەیە، بەڵام سوورن لەسەر بڕیارەکەیان، پاشگەزبوونەوە نییە و لە 25 ی ئەیلوول".
مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەیەدا کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ رۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی حیزبەکەی و دۆستانی حیزبەکەی کۆبووەو کەمترین رۆژنامەنووس و هونەرمەندی دەڤەری سلێمانی و هەڵبجەی تێدا دەبینرا، وتی "مافی چارەنووس مافێکی رەوایە و ئێمە هیچ یاسا و رێسایەکی نێودەوڵەتیمان پێشێل نەکردووە".
بارزانی ئاشکراشی کرد، "فشاری زۆر هەبووە بۆ دواخستنی گشتپرسی، ئێمە داوای بەدیلمان کرد و تاوەکو ئەمڕۆش بەدیلیان نییە و ئێمەش سوورین لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی".
ناوبراو وتیشی" بڕیاری گشتپرسی بڕیاری هەموو لایەنە سیاسییەکان بوو نەک حیزب و تاکە کەسێك، ئەگەر کەسێک وا نیشانی بدات ئەوە زوڵمێکی گەورەیە. گشتپرسی نە موزایەدەیە و نە کارتی فشار، بەڵکو مافێکی رەوای گەلەکەمانە".
لەبارەی مانەوە لەگەڵ عێراق، بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، لە عێراق شەراکەت نییە و دەستووری عێراق پێشێلکراوە بۆیە بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری گشتپرسی داوە"یەک رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق نەکردووە تاسەر جێبەجێی بکەن و پێشێل نەکرابێت".
بارزانی دەڵێت "مادام لە بەغدا شەراکەتتان قبوڵ نییە نابێت گلەییش بکەن لە جیابوونەوە. دەستووری عێراقیش رێگەمان پێدەدات گشتپرسی ئەنجامبدەین"
لەبارەی دەوڵەتی کوردستان، بارزانی وتی "دەوڵەتی داهاتووی کوردستان کۆماری - فیدراڵی دەبێت و بەهەموو شێوەیەکیش دیموکراسی دەبێت، بڕیاری کۆتاییش لای گەلی کوردستانە". دەشڵێت "داهاتووی کوردستان لە هەموو روویەکەوە باشتر دەبێت و دڵنیا دەبین لە داهاتووی خۆمان.. لە ماوەی رابردووشدا سەلماندوومانە فاکتەری سەقامگیرین بۆ دراوسێکانمان".