هەڵسوڕاوێکی دیاری گۆڕان پێشنیار بۆ نماو چیای نەوشیروان مستەفا دەکات

هەڵوسوڕاوێکی دیاری گۆڕان پێشنیار بۆ نماو چیای نەوشیروان مستەفا دەکات و دەڵێت" گردەکە بدرێتەوە بە کاک نەوشیروان و بەو خاڵکانەی کە خۆی دەیویست دەوری دەن لە خەڵک و گۆڕانخوازان و کەمدەرامەتەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان".

لە وتارێکدا هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان، شەماڵ عەبدولوەفا کە بەناونیشانی " کاکە نما و کاکە چیا دەبێت چی بکەن؟" نووسیوویەتی " بابەتی موڵکداری گردی زەرگەتە و پاشکۆکانی وروژا، جا وروژاندنەکەی بە دەست بوبێت یان کارێکی میدیایی، یان دەبوایە بوروژایە، حاڵەتێکی سروشتییە، چونکە گۆڕان لە ئێستادا بۆتە هێزێک زۆر هێزی تر چاویان لەسەرێتی".
هەروەها لەو وتارەدا ناوبراو دەڵێت " کاک نەوشیروان ئەم گردەی نە بۆخۆی نە بۆ مناڵەکانی وەرنەگرت بەڵکو بە مەبەستی چوار پرۆژە وەریگرت، کە سیانیانی جێبەجێ کرد و چوارهەمیانی بۆ نەکرا یان نەیویست بیکا و پرۆژەی چوارهەمی بووە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان".

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان پێشنیار دەکات و دەڵێت " گردەکە بدرێتەوە بە کاک نەوشیروان و بەو خاڵکانەی کە خۆی دەیویست دەوری دەن لە خەڵک و گۆڕانخوازان و کەمدەرامەتەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان..هتد، گردەکانی تری سلێمانیش بۆ یەکێتی و بنەماڵەو کوڕەکانیان، گردەکانی هەولێریش بۆ پارتی و بنەماڵەو کوڕەکانیان
ئەوکات گۆڕان گۆڕانی خەڵکە نەک.!".

دەقی وتارەکە..
گۆڕان، کاکە نما و کاکە چیا دەبێت چی بکەن؟
بابەتی موڵکداری گردی زەرگەتە و پاشکۆکانی وروژا، جا وروژاندنەکەی بە دەست بوبێت یان کارێکی میدیایی، یان دەبوایە بوروژایە، حاڵەتێکی سروشتییە، چونکە گۆڕان لە ئێستادا بۆتە هێزێک زۆر هێزی تر چاویان لەسەرێتی.

کاک نەوشیروان ئەم گردەی نە بۆخۆی نە بۆ مناڵەکانی وەرنەگرت بەڵکو بە مەبەستی چوار پرۆژە وەریگرت، کە سیانیانی جێبەجێ کرد و چوارهەمیانی بۆ نەکرا یان نەیویست بیکا و پرۆژەی چوارهەمی بووە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان.

خاوەندارێتی ئەم موڵکانە کە بۆ پرۆژەی گشتی وەرگیراوە جگە لە گاسن ناگەڕێتەوە بۆ کەس، چونکە ئەم بابەتە بابەتێکی سیاسییە پێش ئەوەی بابەتێکی یاسایی و وەرەسە بێت، نە هی بزوتنەوەی گۆڕانە نە هی کاکە نما و چیا، بەڵکو بۆ ئەو پرۆژانەیە کە کاک نەوشیروان هەوڵی دەدا سەریانخا، بەدەر لەوە بۆ هیچ شتێکی تر بەکارنایەت، نە پرۆژەی شەخسی بازرگانی نە هیچ پرۆژەی شەخسی و تایبەت، گەر هەریەک لەمانە کرا ئەوا لەگەڵ پرەنسیبی پرۆژەکە بەریەک دەکەون هەم لە ڕوی یاساییەوە کە حکومەت دەتوانێت مودەعی بێت، هەم لە ڕوی سیاسی و مەعنەوییەوە کە هەڵسوڕاوان و خەڵک دەتوانن قسەی لەسەر بکەن.

بەیتی گردی زەرگەتە ئەمەیە موڵکەکە هی وەزارەتی زراعەبوو، سنفەکەی دارستانە، نازانم ئێستا سنفەکەی گۆڕاوە یا نا، دەبێت بچینەوە سەر ( سورە قەیدەکەی ئێستا)  یەکێتی (ئیدارەی گشتی) لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ئەو کاتە ڕیکەوتبوون و  تاپۆیان کردبوە سەر یەکێتی.

وەکو لەوەو پێش ئاماژەم پێدا ئەم گردە موڵکداری ناکرێت گەر کراش ( کە نابێت بکرێت) گردی هەموو گۆڕانخوازانە لە گردی گۆڕانخوازانیش دەردەچێت، چونکە ئارامگەی ئەو پیاوەی لێیە بۆیە دەبێتە موڵکی خەڵکانێکی زۆری دەری گۆڕانیش.

نابێت بەو شێوە باو و شەرقیانە بیربکەیتەوە کە بە پارەو موڵک دەتوانیت ململانێکان ببەیتەوە یان ببیتە کاراکتەرێکی دیار.

خۆ کاک نەوشیروان هیچی نەبوو قەزیەیەک نەبێت، پارەی نەبوو ئیرادە نەبێت، ئەم گردەی کردە سونبولی قەزیە و ئیرادە و مقاوەمە، یەکێتیەکی گەورە و گران و دەوڵەمەنی بەجێهێشت، کەوتە ململانێی دوو هێزی زۆر گەورە ( کە ئێستا بچوکن لەبەر چاوی خەڵک) نە پارەی دا نە دەمانچە نە سەیارەی دا و نە کەسی دامەزران، نە تەهدیدی کەسی کردو نە کەسی نانبڕاو کردو سزادا، بێ تەزویر و فێڵ، بە حەڵالی خۆی و بزوتنەوەکەی چارەکی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

غاندی بە پێی پەتی و بە گیرفانی بەتاڵەوە وڵاتێکی بردەوە.

ماندێلا بە سکی برسی لە چوارچێوەی چوار دیواری زیندانێکا وڵاتێکی بردەوە.

گۆڕانیش گەر لێیبزانێت بە ڕیێبازەکەی نەوشیروان مستەفا لە ئارامگەکەیەوە دەتوانێت وڵاتێک بباتەوە.

گەر قەزییەت هەبوو بە بەرژەوەندی خەڵک، ئیرادەت هەبوو بۆ پارێزگاری مافەکانی خەڵک لە ئەنجامدا هەر دەیبەیتەوە بە مەرجێک لەوانیتر نەچیت.

گۆڕان لە هیچ حیزبەکانی تر ناچێ و ناشبێ بچێ.

کوڕەکانیش لە کوڕی سەرکردەو بنەماڵەکانی تر ناچن ناشبێ بچن.

دەبێت چی بکەین؟

گۆڕان دەبێت بیر لەوە نەکاتەوە تا کۆتایی مێژوو لە گردەکە بێت، ئەوەندە لە گردەکە بێت تا بەتەواوەتی دەکەوێتە سەر پێی خۆی  لەڕوی دارایی و ئیدارییەوە، شوێن و مەنزڵێک بۆخۆی بینا بکات با لە گردەکە بمێنێتەوە ( ئەم بابەتە بە پرۆژەیەکی هەمەلایەنە دبێت ڕاوێژی لەسەر بکرێت)

کاکە نما و کاکە چیا وەکو دوو کوڕی خوێندەوار و ژیر، کوڕی پیاوێکی گەورەی بێوێنە گەر دەیانەوێت بە گەنجی گەورە بن، بزوتنەوەکە گەورەتر بکەن، باوکیشیان بکەنە گەورەترین، گردەکە بکەنە شوێنێکی تایبەت بەوەی نەوشیروان مستەفا دەیویست ( ئەمەش بە پرۆژەیەکی هەمەلایەنە دەکرێت ڕێکبخرێت بە بەرژەوەندی ئەوانەی کە ئەو پیاوە دەیویست پارێزگاری لێبکات)

گردەکە بدرێتەوە بە کاک نەوشیروان و بەو خاڵکانەی کە خۆی دەیویست دەوری دەن لە خەڵک و گۆڕانخوازان و کەمدەرامەتەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان..هتد، گردەکانی تری سلێمانیش بۆ یەکێتی و بنەماڵەو کوڕەکانیان، گردەکانی هەولێریش بۆ پارتی و بنەماڵەو کوڕەکانیان

ئەوکات گۆڕان گۆڕانی خەڵکە نەک...!!!



PM:09:27:06/09/2017