یەکەم کتێبی دەمیرتاش بڵاودەبێتەوە

یەکەمین کتێبی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی زیندانیکراوی هەدەپە کە لە زینداندا نوسیویەتی بڵاودەبێتەوە.

کتێبەکەی دەمیرتاش لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە لەلایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی دیپنۆت بڵاودەکرێتەوە کە ناوی "سەحەر لە زینداندا"یە و ناوەڕۆکی کتێبەکە چیرۆک ئاسایە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە پێشتر لە زینداندا چالاکی هونەری و ئەدەبی هەبووە و چەند وێنەیەکیشی کێشاوە.

دەمیرتاش لە ژیانی گەنجیدا تێکەڵی هونەر و ئەدەب بووە و پێش دەستپێکردنی ژیانی سیاسی ژەنیاری ساز بووە.

بەرەبەیانى ڕۆژى ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی هەدەپە و ١١ پەرلەمانتاری تری هەدەپە، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکران.

لەلایەن دادگاکانى تورکیاوە سزاى زیندانیکردن بەسەر دەمیرتاش و یوکسەکداغ و نۆ پەرلەمانتارى هەدەپەدا سەپێنرا و هەر ئێوارەى ئەو ڕۆژە دەمیرتاش دوورخرایەوە بۆ زیندانى جۆرى ئێف لە شارى ئەدرنەى باکوورى ڕۆژئاواى تورکیا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ١٠ى نیسانى ١٩٧٣ لە شارۆچکەى پالۆى سەر بە شارى ئەلازیخ لە باکوورى کوردستان لە دایکبووە. باوکى ناوى تاهیر و دایکیشى ناوى سادییە، شەش خوشک و براى هەیە و براىەکی گەریلایە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵى ٢٠٠٢ هاوسەرگیریى لەگەڵ کچێکى هاوڕێى منداڵیى بە ناوى باشاک کردووە، کە لە ئێستادا پیشەکەى مامۆستایە. سەڵاحەدین و باشاک دوو کچیان بە ناوەکانى دەلال و دلدا هەیە.

دەمیرتاش کۆلێژى یاساى لە زانکۆى ئەنقەرە تەواو کردووە و بووە بە پارێزەر. لە ساڵى ٢٠٠٦ دەبێتە سەرۆکى نووسینگەى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد.

لە ساڵى ٢٠٠٧ لەلایەن دەتەپەوە وەک پاڵێوراوى سەربەخۆ لە شارى ئامەدەوە بەشداریى لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا کرد وسەرکەوتنى بە دەستهێنا.

لە دواى ئەوەى لە ساڵى ٢٠٠٩ بە بڕیارى دادگاى حکومەتى تورکیا دەتەپە داخرا سەڵاحەدین دەمیرتاش بەردەوامیى کارە سیاسییەکان گواستەوە بۆ ناو حزبى ئاشتى دیموکراسى (بەدەپە). لە دووەمین کۆنگرەى بەدەپە و لە ساڵى ٢٠١٠ بۆ پۆستى هاوسەرۆکایەتیى ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیا لە ساڵى ٢٠١١ لە جۆڵەمێرگەوە وەک پاڵێوراوى سەربەخۆى بەشداریى لە هەڵبژاردندا کرد و لەو خولەشدا سەرکەوتنى بەدەستهێنا و بوو بە نوێنەرى خەڵکى جۆڵەمێرگ لە پەرلەمانى تورکیا.

لە دواى ئەوە لە ساڵى ٢٠١٢ پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) دامەزرێنرا، بوو بە هاوسەرۆکى هەدەپە و تاوەکو ئێستا لە ناو هەدەپە بەردەوامە لە کارە سیاسییەکانی.

لە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیادا ١ى تشرینى ٢٠١٥ خۆى لەسەر لیستى هەدەپە و لە شارى ئیستانبولەوە بۆ پەرلەمانى تورکیا پاڵاوت. لە ئێستادا هەدەپە خاوەنى ٥٩ کورسییە لە پەرلەمانى تورکیادا.



PM:08:01:07/09/2017