مێردەكەی فێری لەشفرۆشی دەكات ئەویش كچەكەی فێر دەكات

ژنێك لە هەولێر سێ هاوسەرگیری دەكات، دواجار لەلایەن هاوسەری سێیەمییەوە كاری لەشفرۆشی پێ دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو پیاوە لەبەرامبەر ئەو كارەدا هیچ خەرجییەكی خێزانەكەی ناكات، بۆیە ژنەكە لە پیاوەكەی جیا دەبێتەوە، ئێستەش جگە لەخۆی كچەكەشی فێری ئەو كارە كردووە و دەڵێ پەشیمان نییە و سەربەخۆ دەژیت.

ماڵپەڕی ووشە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، ئەو ئافرەت  دەیەوێ ناوی بە "ئەڤین" بهێنرێت، تەمەنی ٣٨ ساڵە و خاوەنی دوو كوڕ و كچێكێكی تەمەن ١٧ ساڵە، ئەو دەڵێت بەناچاری كاری لەشفرۆشی دەست پێ كردووە، بەڵام پەشیمان نییە و پێی وایە ئەو كارەی ئەویش وەك هەر كارێكی ترە كە زۆربەی خەڵك دەیكات، چونكە پێی وایە ئەگەر كڕیار نەبێت، ئەویش فرۆشیار نابێت لە كۆتاشدا كڕیار و فرۆشیاران یەك ئاستن.
"ئەڤین" باسی هۆكارەكانی گەشتنی بەو كارە بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت" تەمەنم ١٢ ساڵ بوو بە زۆر بەشوویان دام، دوای ساڵێك بووم بە بێوەژن، براكانم نەیانهێشت زۆر لەماڵ دابنێشـم بە بێوەژنی و هەرزوو بە شوویان دامەوە، ئەم جارە ١٤ ساڵ بووم شووم بە پیاوێكی ٣٠ ساڵی كرد، كچێكم لەو پیاوە بوو و ژیانم وەك مەرگ بوو لەگەڵییدا، بەڵام لەترسی ماڵی باوكم هەر قبووڵم كرد، تا ئەو كاتەی ژنی بەسەر هێنام و لەگەڵ كچەكەمدا دەری كردم".

ئەو ئافرەت درێژەی پێدەدات و دەڵێت " دوای ئەوەی دووبارە بێوەژن بوومەوە، كەوتمەوە ژێر دەستی برا و براژنەكانم، لەگەڵ كچەكەمدا قوڕسترین ژیانمان هەبوو، هەرجارە و شەقی برایەك و قسەی براژنێكم لەسەر بوو، هەوڵم دەدا بەهەر شێوەیەك بێت خۆم و كچەكەم ڕزگار بكەم بەڵام نەكرا".

"ئەڤین" هەوڵ دەدات لەگەڵ كچەكیدا بڕوات لە خزمەكانی دوور بێت ، بەڵام پێش ئەوەی ئەو كارە بكات، براكانی دەیفرۆشن بە پیاوێكی تر، چەند ساڵێك "ئەڤین" لەگەڵ ئەو پیاوەدا دەژیت و دوو كوڕشی لێ دەبێت، بەڵام دوای ئەوەی پیاوەكەی  لەكار دەر دەكرێت، ئیتر "ئەڤین" ناچار دەكات كاری لەشفرۆشی بكات.

"ئەڤین" ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئەو سەرەتا بەبێ ویستی خۆی ئەو كارەی كردووە و مێردەكەی هەر كاتێك ویستبێتی ئەو كارەی پێ بكات بەجۆرێك سەرخۆشی كردووە، هەرەشەشی لێ كردووە كە ئەگەر بێت و ئاشكرای بكات و لای هیچ كەسێك قسە بكات، هەرسێ منداڵەكەی لەبەرچاوی ئەودا دەكوژێت، بۆیە ئەویش بەناچاری قبووڵی كردووە و بێدەنگ بووە.

ئەو باس لەوە دەكات بەو كارەی مێردەكەی پێی كردووە پارەی زۆری دەست كەوتووە، بەڵام مێردەكەی نە پارەی بەو داوە و نەخەرجی منداڵەكانی كردووە و هەمیشە ئەو پارەی بە ژنەكەی پەیدایی كردووە لە ژنی تر و لە قوماردا خەرجی كردووە.

وەک لەو ماڵپەڕەدا هاتووە"ئەڤین" باس لە چۆنیەتی جیابوونەوەی لە مێردی سێیەمی دەكات و دەڵێ، منداڵەكانم  تووشی نەخۆشی بوون، چونكە نە خواردنێكی باشیان دەخوارد و نە لە كەشوهەوایەكی گونجاودا دەژیان، منیش بیرم لەوە كردەوە من هەموو شتێك قبووڵ دەكەم لەبەر منداڵەكانم ئیتر كە منداڵەكانم بمرن لەبرسان بۆچی هەموو شتێك كۆتایی پێ نەهێنم؟، بۆیە لەگەڵ یەكێك لە موشتەرییە هەمیشەییەكانم كە پیاوێكی دەستڕۆیشتوو بوو، رێككەوتم و زۆر بەئاسانی لە پیاوەكەمی جیا كردمەوە.

ئەو نایشارێتەوە، دوای جیابوونەوەی لە مێردەكەی ئەو پیاوە هێشتە پێوەندی لەگەڵدا هەیە و ئەویش ڕێگەی پێشان داوە كە چۆن درێژە بە كاری لەشفرۆشی بدات، "ئەڤین" دەڵێت ئەو پیاوە لە ڕووی مادییەوە پێوستی بەو نییە، بەڵام بۆ من وەك پشت و پەنایە و ئەگەر ئەو نەبێت مێردەكەم دەستم لێ هەلناگرێت.

"ئەڤین" كچەكەشی فێری لەشفرۆشی دەكات و دەڵێت، من بەدەستی پیاوەوە هەرچی ئازارە چەشتم و نامەوەێ كچەكەم ئاوابێ، ئەگەر پیاو ژنی بەس بۆ چێژ دەوێ با ژنیش ئەو چێژەی لێ وەربگرێت و پارەشی لێ دەست كەوێت و دواتر خۆی خاوەن هەموو شتێك بێت.

ئەو پێی وایە كچەكەی فێری باشترین كار كردووە و دەڵێت" لەجیاتی كچەكەم پێویستی بە پیاو بێت با پیاوان قاچی كچەكەم ماچ بەكەن، دەشڵێت هیچ كات پەشیمان نییە لەو كارە، بەڵكو پەشیمانە لەوەی تەمەنێك بەدیار خراپیی براكانی و سێ پیاو بەناوی هاوسەرەوە ژیانی خۆی و سێ منداڵەكی بە فیڕۆ داوە.
دوا قسەی "ئەڤین" ئەوە بوو كە هەر ژنێك كاری لەشفرۆشی دەكات پیاوێك هانی داوە و پارەی خەوە حەرامەكانیشی دەخوات، بۆیە پێش ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە ژنێك خراپە، بزانن كێی خراپتری لەپشتە.



PM:11:47:08/09/2017