پیاوێك لەهەولێر بەهۆی "مەمك"یەوە ژنەكەی تەڵاق دا

ژنیكی تەمەن ٤٥ ساڵ لە هەولێر، دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت و مەمكێكی دەبڕدرێتەوە، مێردەكەی ژنی بەسەر دێنێت و تەڵاقی دەدات.

بەپێی راپۆرتێكی وشە،  "نەشمیل" ئەو ژنەی دوای ٢٠ ساڵ لە هاوسەرگیری لەگەڵ "ئەحمەد"، بەهۆی تووشبونی بە نەخۆشی شێرپەنجە و بڕینەوەی مەمكێكییەوە، ژنی بەسەردا دێت و دواتر تەڵاق دەدرێت، ئێستەش بەتەنیا دەژیت و دەیەوێت هەموو مافێكی لە مێردەكەی وەربگرێتەوە، وەك خۆی باسی دەكات كە مێردەكەی دوو خانوو و سەیارەیەكی لێ داگیر كردووە كە بەپارەی ئەو كڕدراون، ئەو چیڕۆكی ژیانی خۆیی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت:

چوار ساڵ پێوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ "ئەحمەد" هەبوو و ماڵەوە ڕازی نەبوون كە شوی پێ بكەم، بەڵام من حاشام لە هەموویان كرد و شووم پێ كرد، دواتر پێنج ساڵ بێ ئەوەی هیچ هەواڵێكی ماڵی باوكم بزانم لەگەڵ "ئەحمەد" لە توركیا ژیام، من كاری یاریدەدەری پزیشكیم  دەكرد و زۆرینەی خەرجی ماڵم دابین دەكرد، "ئەحمەد"یش بە كارێكی كەم خەرجییەكی كەمی دابین دەكرد.

زیاتر دەڵێت، "ئەحمەد" خراپی زۆر بوو، بەڵام چونكە بەهۆی ئەوەوە هەموو دنیام وەلا نابوو، بۆیە هەمیشە بڕوام بەخۆم دەهێنا كە باشترین كەسە، روونی دەكاتەوە كە بەهۆی كارەكەمەوە پارەیەكی زۆر باشم دەست دەكەوت و بڕاریشم دا بمێنەوە تا پارەیەكی زۆر كۆ بكەمەوە كە بەشی ئەوە بكات خانووی پێ بكڕین لە هەولێر، بۆیە دوای پێنج ساڵ خانووەیەكم كڕی و گەڕاینەوە.

كاتێك دەگەڕێنەوە كوردستان، "نەشمیل" لەگەڵ ماڵی باوكیدا چاك دەبێتەوە، بەڵام ماڵی خەسووی لێی دەبن بە مۆتەكە و وەك خۆی باسی لێوە دەكات كە هۆكارەكەی "ئەحمەد"ی مێردی بووە، بەڵام لەبەر خۆشویستنی ئەو باجەكەی داوە.

"نەشمیل" ئاماژە بەوە دەكات كە دوای چەند مانگێك لە گەڕانەوەیان، ماڵی خەسووی بیانووی منداڵیان پێ گرتووە، هەر ڕۆژە و خەسووی بردوویەتییە لای پزیشكێك و پێی گوتووە تۆ نەزۆكی و منداڵت نابێت، ئەو دەڵێت پێشتر لە توركیا لەگەڵ "ئەحمەد" دا هەموو جۆرە پشكنینێكیان ئەنجام داوە و دڵنیابوون لەوەی كە "ئەحمەد" منداڵی نابێت، بەڵام لەبەر خۆشەویستی مێردەكەی "نەشمیل" لای هەموو كەس، تەنانەت دایكی "ئەحمەد"یش دەڵێت، ئەو كێشەی لە منداڵدانیدا هەیە و منداڵی نابێت.

كێشەی منداڵ نەبوون كۆتایی نایەت و چەند جارێك دایكی "ئەحمەد" دەیەوێت ژن بۆ كوڕەكەی بێنێت، بەڵام ڕوو نادات، خەسووی دووجار هەوڵی سووتاندنی "نەشمیل" دەدات، بەڵام "ئەحمەد" بەهانایەوە دەچێت، "ئەحمەد" كوڕی تاقانەی دایكیەتی، وەك "نەشمیل" دەڵێت كە هەمیشە پێی گوتووە، هەموو داوایەكی لەخوا ئەوەیە "نەشمیل" بمرێت و ژنێكی تر بۆ كوڕەكەی بێنێت.

نەشمیل تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت بۆ چارەسەر دەچێتە ئەڵمانیا و ئەو دەڵێت، ماوەی ١٠ ساڵ ماڵی خەسووم ژیانیان تێك دام، "ئەحمەد"یش گۆڕا بۆ كەسێكی تر كە نەم دەناسیەوە و ژیانم هەمووی تێك چوو، تا ئەو كاتەی شێرپەنجەم گرت، نزیكی شەش مانگ لە ژێر چارەسەری كیمیایی بووم، بەڵام چارەی نەبوو و مەمكێكیان بڕیمەوە.

"نەشمیل" ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەكاتی تووشبوونی بەو نەخۆشییە، هەمیشە "ئەحمەد" سووكایەتی پێ كردوە و پێی گوتووە كە ژن ئەگەر شێرپەنجەی گرت بمرێت باشترە و مادام مەمكێكیان بڕیوویت كەواتە هەر ژن نەماوی، لەو كاتەش كە لە نەخۆشخانەدا "نەشمیل" چارەسەری وەرگرتووە، ئەو گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و ژنی هێناوە.

"ئەحمەد" دەگەڕێتەوە كوردستان و كچی پوورێكی خۆی كە بێوەژنە و خاوەنی سێ منداڵە، دێنێت و دەیباتە ماڵەكەی "نەشمیل" لەوێ دەژین بێ ئەوەی هیچ هەواڵێكی لە "نەشمیل" هەبێت.

"نەشمیل" دەڵێت، ئەو كاتەی "ئەحمەد" ژنی هێنا، لە نەخۆشخانە چارەسەرم وەردەگرت و تەنیا خوشكێكم لام بوو، ئەو دەیزانی، بەڵام بۆ ئەوەی خەم نەخۆم پێی نەدەگوتم، تا ئەو كاتەی چاكبوومەوە و گەڕامەوە بۆ كوردستان، ماڵی باوكم نەیانهێشت بچمەوە ماڵەكەم و وام زانی هەڵوێستیان لە "ئەحمەد" وەرگرتووە لەبەر ئەوەی لەلام نەماوەتەوە لە نەخۆشخانە، بۆیە خۆم بەدزی ئەوان چووم بۆ ئەوەی مێردەكەم ببینم.

ئەو نایشارێتەوە كە هەرچەندە زۆر لە مێردەكەی توڕە بووە، بەڵام خۆشی ویستووە و هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی ژیانیان بەیەكەوە بەردەوام بێت، دەڵێت چوومەوە ماڵەكەم تا مێردەكەم ببینم، بەڵام بینیم لە ماڵی مندا خێزانێكی تر دەژین و هەموو شتێكی من كە بە رەنجی خۆم كراوە، بووە بە هی ئەوان و "ئەحمەد" بێ ئەوەی سڵ بكاتەوە و هیچ شەرم لەو ساڵانە بكات كە بەیەكەوە ژیاین، پێی گوتم، پشیلەی حەوت رۆح، زیندووی وامزانی لە كۆڵمان دەبییەوە، ئەوە بەبێ مەمكی چۆن لە رووت دێ بێیتە دەرەوە و خەڵك بتبینن، من ژنم هێناوە و ئەو منداڵانەش هی منن و ئێرەش ماڵی ئێمەیە.

"نەشمیل" تەڵاق دەدرێت و دوو خانوو و ئۆتۆمۆبێلێك، كە وەك خۆی باسی لێوە دەكات بە پارەی ئەو كڕاوە، بەڵام "ئەحمەد" بەناوی خۆی كردوون، ئێستە لای "ئەحمەد"ە و "نەشمیل"یش ئێستە بەتەنیا لە شوقەی كرێدا دەژیت و پارێزەری گرتووە تا مافەكانی وەربگرێتەوە، ئەو دەڵێت دڵنیایە لەوەی ئۆتۆمۆبێل و خانووەكانی وەردەگرێتەوە، بەڵام ئەو تەمەنەی كە رۆیشتووە بۆی ناگەڕێتەوە و ئەو برینانەشی بەهۆی سووكایەتی پێكردنی "ئەحمەد"ەوە بەرامبەری كراوە، ساڕێژ نابن.



AM:09:00:09/09/2017