عێراق ‌‌هێز بەرەو خورماتوو پەلكێش دەکات
پێشمەرگەش هێزی زیاتر بۆ ئەو سنوورە دەنێرێت

چەند رۆژێکە عێراق هێز بەرەو ناوچە جێناکۆکەکان دەجوڵێنێت و لە دوێنێوە هێزێکی زۆری هێناوە بۆ سلێمانی و بەگ و ناوچەکانی خورماتوو، هێزێ پێشمەرگەش بۆ بەهێزکردنی سەنگەرەکانی لیوای ٥ بەرگری فریاکەوتنی رەوانەی ئەو شوێنانە کرد.

بەبیانووی رزگارکردنی شاری حەویجە لە باشووری رۆژئاوای کەرکوک لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش، حکومەتی عێراق هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی و سووپای عێراقی لەژێر ئەو ناوەدا پەلکێشکردووە بۆ ناوچەکانی خورماتوو و کەرکوک، بەرامبەر ئەوەش بۆ رێگرتن لە هەرپێش هاتێکی پێشمەرگە بە هێزی نوێ سەنگەرەکانی بەهێز دەکات.

هێنانی ئەو هێزە زۆرەی عێراق لە کاتێکدایە کە هەواڵە سیخوڕیەکانی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە شاری حەویجە ژمارەیەکی زۆر کەم چەکداری داعشی تێدا ماوەو زرۆی چەکدارانی ئەو شارە بەرەو ناوچەکانی حەمرین کشاونەتەوە کە ئێستا بۆتە مۆڵگەی چەکدارانی داعش.
  
فەرماندەی لیوای پێنجی بەرگری فریاکەوتنی هێزەکانی پیشمەرگە رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلولی 2017، هێزێکی زیاتری حەشدی شەعبی و سوپای عیراق رەوانەی ئامرلی کراون و پێشمەرگەش ئاگاداری بارودۆخەکەیە.

سەعید عەلی، فەرماندەی لیوای پێنجی بەرگری فریاکەوتنی هێزەکانی پیشمەرگە بە ماڵپه‌ری ئێن ئاڕ تی وتووه: "هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری سلێمان بەگ چاودێری ئەو هێزە دەکات کە هاتووەتە ناوچەکە و ئامادەباشە بۆ هەر ئەگەرێک لەو سنورە".

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای پێشمەرگە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە سپی راگەیاند " هێزێکی پڕ چەکی لیوای‌ 16 به‌ جۆره‌ها چه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و سنوری‌ ناحیه‌ی سلێمان به‌گ و ئامرلی‌ جوڵه‌یان پێكراوه‌ و تاوه‌كو به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی بوه‌ستنه‌وه‌".

سەرکردایەتی کورد مەترسی ئەوەی هەیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژی ریفراندۆم لە ٢٥ ی ئەیلول، عێراق لە رێگای ‌هێزەوە فشار بخاتە سەر هەرێم تا لەناوچە جێناکۆکەکان ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت، نمونەی دوو رۆژی رابردووی شاری مەندەلی سەرەتایەکی ئەو سیاسەتەیە کە حەشدی شەعبی بەزۆر ئیدارەی ناوچەکەیان گۆڕی.



AM:08:59:12/09/2017