بەهرۆز گەڵاڵی: کورد بە یەکێک لە ساتە هەرە مەترسیدارەکانیدا تێدەپەڕێت

کادیری دیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەهرۆز گەڵاڵی دەڵێت" بەهۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لە ناسکترین و مەترسیدارترین ساتەکانیدا دەژین کە لە چەندین لاوە ئینزار دەکرێت، کەچی سەرکردایەتی کورد بێ باکانە سواری عەقڵی خۆی بووە".

بەهرۆز گەڵاڵی کە ماوەیەکی زۆر نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لە ئێران و تورکیا دەکردو مانگی پێشوو لەسەر کێشەیەکی ئەمنی تورکیا لە خاکی هەرێم، نووسینگەکەیان پێداخست و نێردرایەوە بۆ کوردستان، لە لێدوانێکیدا لەسەر بارودۆخی کوردستان و هاتنی ئەو وەفدە باڵایانەی کە رۆژی دوو شەممە سەردانی بارزانی و سەرکردایەتی یەکێتیان کرد، وتی " کوردستان هەڕەشەیەکی زۆری لەسەرەو لەهەموو لایەکەوە ئینزار دەکرێت، ئەمەریکا لە ڕێگای باڵوێزەکەیەوە بارزانی ئاگادار کردەوە لە مەترسی ئەنجامدانی ریفراندۆم، نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش هاوشێوەی ئەمەریکا ئینزاری بارزانیان کرد، کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب لە رێگای ئەمیندارەکەیەوە ئاگاداری بارزانیان کردەوە، قاسمی سلێمانی فەرماندەی قەرارگای قودس بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ سەرکردە کوردەکان قسەی کرد، هەروەها پەرلەمانی عێراق و عەبادیش دوا قسەی خۆیان کرد".

بەهرۆز گەڵاڵی وتی " لەسەر ئاستی میللیش هەموو لایەنە عێراقییەکان بە عەرەبی شیعە و سونەو تورکمانەوە خەڵکی عێراقیان هانداوە بۆ دژایەتی کوردو شەڕی پێشمەرگە".

ناوبراو نەیشاردەوە کە بەدڵنیایەوە شەڕ لە ناوچە جێناکۆکەکان روودەدات و، وتی" هەرگیز لایەنە عێراقییەکان و ئێران و تورکیاش نا توانن، ئیستعابی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک وناوچە جێناکۆکەکان بکەن".

ئەو پێیوایە کە بارزانی و بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی بێباکن و لەو بەرپرسیارێتیانەو هەڵوێستەکانیان بەهێچ جۆرێک لە ئاستی ئەو مەترسیە گەورەدا نییە کە رووبەرووی خەڵکی کوردستان بۆتەوە.

ئەو کادیرەی یەکێتی، ئەو حاڵەتەی ئێستا کوردستان پیایدا گووزەر دەکات و مەترسیدارەی کوردستان تیایدا دەژی، لە حاڵەتی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و نزیکبوونەوەی لە هەولێر بە مەترسیدار تر دەزانێت و، لەو بارەیەوە وتی" کاتێک کە داعش پەرلەماری شەنگال و دواتر نزیک بووە لە هەولێر، راستە مەترسیەکی گەورەبوو، بەڵام هەموو جیهان لەگەڵ کوردا بوو، هەرزوو کەوتنە هاریکاری سەربازی هەرێمی کوردستان و بەهاوکاری ئەوان داعش تێکشکێنرا، بەڵام ئێستا کەس لەم کاتەدا لەگەڵ پرۆسەی ریفراندۆمدا نییە، نە ئێران، نە بەغدا، نە ئەمەریکا، نە تورکیا، بگرە تاران و ئەنقەرەو بەغدا بەو هیوایەوە دەژین کە ئەزموونی باشووری کەرکوک بەتەواوی تێکبچێت".

بەهرۆز گەڵاڵی هەرچەندە لەو باوەڕەدایە کە بارزانی لەدوا ساتەکانی پێش ریفراندۆم، پاشگەز دەبێتەوە لە ئەنجامدانی، بەڵام ئەو مەترسی خۆی نەشاردەوە کە پێش ئەو وادەیە کورد لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دووچاری شەڕی قورس دەبێتەوە.

پێشتر بەهرۆز گەلآڵی لە چاوپێکەوتنێکی پێشووی سپی میدیادا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەگەر کورد ریفراندۆم بکات دەبێت خۆی بۆ شەڕی کۆلآنەو کۆلآن لە ناو کەرکوکدا ئامادە بکات.
 



PM:10:58:12/09/2017