جڤاتی نیشتیمانی بڕیار لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان دەدات


ئێوارەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئەو پێشنیازانە دەدات كە یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەی دوێنێدا خستویانەتە بەردەم گۆڕان.

سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كۆدەبێتەوە تاوتوێبی كۆبوونەوەی ئەو بابەتانە دەكرێت كە  لە كۆبوونەوەی دوێنێدا یەكێتی و پارتی و گۆڕان گفتوگۆیان لەبارەوە كردووە".

سەرچاوەكەی "سپی ئەوەشی ئاشكراكرد كە كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی یەكلاییكەرەوە دەبێت و "جڤاتی نیشتیمانی دوا بڕیار دەدات".

سەرچاوەكە سەبارەت بە كۆبوونەوەی هاوبەشی كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە بەڕێوەچوو ئاشكرایكرد "لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بیروڕاكانیان لەیەكەوە نزیكبووە و هەردوولاش دەیانەوێت لە سێ خاڵدا گرنتی لە پارتی و یەكێتی وەربگرن" بەبێ ئەوەی ئەو سێ خاڵ ئاشكرا بكات".

سەرچاوەكە هەروەها ڕایگەیاند "بڕیارە بەر لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی و لە كاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بریت نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سوریا سەردانی گردی زەركەتە بكات و لەگەڵ گۆِران كۆببێتەوە".

هەر ئەمڕۆ دوای دوو كاتژمێر كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی و یەككگرتووی ئیسلامی هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی و جەماوەریی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سبەی پەرلەمان كارا دەكرێتەوە و وەك یەكگرتوو بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەین".




PM:01:31:13/09/2017