سەڵاحەدین بەهادین بۆ برێت مەکگۆرک: پێشنیازەکانتان تاوتوێی دەکەین

 

لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان  لەسەر بەدیلەکانی دواخستنی ڕیفراندۆم لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش قسەی کرد و وتی "پێشنیاز و سەرنجەکانتان جێگەی ڕێزن و لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان تاوتوێی دەکەین".


لە ڕاگەیەندراوێکدا سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ برێت مەكگۆرك، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ جەنگی دژی داعش بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەکردووە و سەبارەت بە بەدیلی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم قسەیان کردووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە مەكگۆرك تیشکی خستووەتە سەر کۆشش و پێشنیازەكانی وڵاتەكەی و وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان، سەبارەت بە ڕیفڕاندۆم و بۆچوون و بەدیلی وڵاتەكەی خستووەتەڕوو.

ئەمینداری یەکگرتوو لە وەڵامی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکادا بۆ جەنگی دژی داعش وتوویەتی "ڕیفراندۆم ئامرازێکی سیاسی و یاسایی و مەدەنی ئاشتیانەیە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان، ئەمەش مافی ڕەوای گەلی کوردستانە، پێشنیاز و سەرنجەکانتان جێگای ڕێزن و لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان تاوتوێی دەکەین".

ئەوەشی بە مەکگۆرک وتووە کە "لە هەموو حاڵەتەكاندا گەلی ئێمە چاوەرێی پشتگیری لە ئێوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات و هاوكارییەكانی ئێوە و وڵاتانی هاوپەیمانی لەبیر ناكات".

ئەوەش لەکاتێدایە سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی بارزانى و نوێنەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا  بەدیلی ڕیفراندۆم خراوەتەڕوو.

لە "سپی"یەوە ناوەرۆکی پرۆژەی بەدیلی ڕفراندۆم بخوێنەرەوە



PM:10:54:14/09/2017