" یەکێتی و پارتی رێککەوتنی دوو ساڵیان ئەنجامداوە"
سپی ناوەرۆکەکەی بلآودەکاتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێککەوتنێکی دوو ساڵەیان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و ریفراندۆم ئەنجامداوە.

بەپێی ئەو ریککەوتنە کە سپی زانیاری وردی لەسەر کۆکردۆتەوە، ئەمڕۆ١٥ ئەیلول یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن د. جەعفەر ئیمنیکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەم دانیشتنە کە تایبەتە بە بڕیاردان لەسەر رۆژی ریفراندۆم کە ٢٥ ئەیلولە، هاوکات سکرتێرێکی کاتی نوێ لە بری فەخرەدین قادر نوێنەری کۆمەڵ، هەڵدەبژێرن.

دوای دانیشتنی کۆبوونەوەی یەکەم، جارێکی تر پەرلەمان تا دوای وادەی ریفراندۆم کۆنابێتەوە، دوای ئەو وادەیە بەپێی زانیارییەکانی سپی یەکجاری تر پەرلەمان کۆدەبێتەوە، تا ئەو کاتەش پرسی گۆڕان بە مانەوەی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت یەکلای دەبێتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بەپێی رێککەوتنێکی یەکێتی و پارتی و بەشداری یەکگرتوو، پەرلەمان سەرۆکێکی نوێ کە بۆ یەکگرتوو دەبێت هەڵدەبژێرێت، لەگەڵ جێگرێک کە بۆ یەکێتی و، سکرتێر کە بۆ پارتی دەبێت، هەڵدەبژێرن.

  سپی زانیوویەتی لەو دانیشتنەی دووەمدا بەپێی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی، بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ دووساڵ دەدرێت و بەم پێیەش هەڵبژاردن ناکرێت و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش ماوەی دوو ساڵیان بۆ درێژ دەکرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، پارتی و یەکێتی نزیکەی ٧٠ دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی و زۆرینەی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆتاکانیان کۆکردۆتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی دواخستنی هەڵبژاردن.

سەبارەت بە ئایندەی رێککەوتنی سیاسی پارتی و یەکێتی، بەپێی زانیارییەکانی سپی سەرلەنوێ ئەو رێککەوتنە ستراتیژیەی لەنێوانیاندا هەیە دادەرێژرێتەوەو دەسەلآتەکانی هەرێم بەسەر هەردوولا و بەشداری یەکگرتوو دابەشدەکرێنەوە. 



PM:12:18:15/09/2017