بەرپرسانی پارتی کەوتنە هێرشکردنە سەر مەکگۆرک

لە کاتێکدا مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش دوو ساڵ لەمەوبەر پشتگیریەکی تەواویان لە مانەوەی بارزانی کرد لە پۆستی سەرۆک هەرێم، کەچی دوو رۆژە بەرپرسەکانی پارتی دەستیان کردووە بە هێرش بۆ سەر ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا.

سەرۆ قادر کادیر و میدیاکاری دیاری پارتی لە نووسینێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناونیشانی " ماکگۆڕک دپلۆماتێکی لایەندار و پیلانگێڕە"و هێرشێکی تووند دەکاتەوە سەر ئەو بەرپرسەی ئەمەریکاو دەڵێت " ئەو گەشتە گومانلێکراوەی ماکگۆڕک لە هەفتەی ڕابردو لە عێڕاق و کوردستان کردی، بە ئاشکرا دیار بوو دەیەوێ دووبەرەکی بخاتە ناو ڕیزی کوردستان و ئیرادەی کوردستانیان بۆ ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی لەبارببات. ماڵ بە ماڵی سیاسییەکانی کوردستان گەڕا و بێ ئومێدی بڵاودەکردەوە. وەک پارێزەرێکی شۆڤێنی و تایفی عەرەبی عێڕاقی دەجوڵایەوە".

ئەو میدیاکارە دەنووسێت "هەر زوو سەرۆک بارزانی لە بەرامبەر جەماوەری زاخۆ و ئامێدی پەرچی جموجۆڵە گوماناویەکەی ماکگۆڕکی دایەوە و ئیرادەی سوری کوردستانیانی بۆ سەربەخۆیی ڕاگەیاند".

سەرۆقادر پێیوایە " کەمتر لە 24سەعات دەرکەوت ماکگۆڕک دەیەوێ ڕوانگای خۆی بەسەر کودستاندا بسەپێنێ و دوایی لە ئەمریکا جێگیری بکات! ڕێک وەک ئەو ڕاپۆرتەی سەد ساڵ لەمەوبەر دوو دیپلۆماتی بریتانی و فەڕەنسی(سایکس_ بیکۆ) زاڵمانە کوردستانیان پێ دابەش و بەدبەخت کرد و لە گەڕانەوەیاندا بڕوای دەوڵەتەکانی خۆیان پێی هێنا".
ئەو دەڵێت "ماکگۆڕک و دۆگڵاس سلێمان(سەفیری ئەمریکا لە بەغدا) شەڕ بۆ یەکپارچەیی عێڕاق دەکەن و لە ڕوانیندا لایەنگری شۆڤێنیزمەکانی شیعەی عێڕاق و باڵادەستی ئێرانن".

سەرۆ قادر نووسیوویەتی " ناوەندە بەهێزەکانی دەستلەکار بۆ گۆڕانکاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو سیاسەتە بێزارن و قبوڵی ناکەن. لەم بارەدا قسە زۆرن. بۆیە وێناچێ ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەوڵەکانی ماکگۆڕک_ سلێمان پەسند بکات. چونکە وەک درێژبوونەوەی سیاسەتی جۆن کێری یە کە پشتی ئەمریکای لە ناوچەکە لە عەردیدا و ئێرانی بەهێز کرد".

ناوبراو ئامۆژگاری سەرکردایەتی کورد دەکات "کار وا بڕوات سەرکردایەتی کوردستان دەتوانێ ماکگۆڕک نەبینێ و گوێی نەداتێ، وەک ئەوەی لەگەڵ پۆڵ بریمەر کردی. بارزانی بە بریمەری گوت ئەگەر پیاوی دێیتە کوردستان! بریمەر کە تێکشکا پەنای بۆ داوای لێبوردن لە بارزانی برد. دوور نیە ماکگۆڕکیش ناچار بێ داوای لێبوردن بکات!".

ناوبراو داوا دەکات هەموو کوردستانیان بە قسەی سەرۆک بارزانی بکەن و دەڵێ" گوێ مەدەنە پیلانگێڕان و بێ دوو دڵی بەرەو ڕیفڕاندۆم بچوون".



AM:01:39:17/09/2017