"د. بەرهەم وەك كاك نەوشیروان ناکات و دژایەتی هیچ حیزبێك ناكات"

ئەندامێكی لیستەكەی د. بەرهەم ساڵح پێیوایە بەرهەم ساڵح لەڕێگەی ئەو بەرنامەیەی كە هەیەتی هەوڵدەدات، پرۆسەی سیاسی بكەوێتەوە مەداری راستەقینەی خۆی‌و دەشڵێت ئەو وەك نەوشیروان مستەفا ناكات.

پاش ئەوەی د. بەرهەم ساڵح قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری راگەیاند، رۆژی یەكشەممە 17/9/2017، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی پێشكەش بە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كرد.

بەكر سدیق، یەكێك لە ئەندامانی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، دەڵێ بەرنامەی سیاسی هاوپەیمانێتییەكە بەقەد باڵای نەهامەتییەكانی خەڵكە "گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا و تێكچوونی باڵانسی سیاسی و كێشەكانی دیكە، وایانكرد لیست دروستبكرێ و لەو رێگایەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین، بۆیە كاك بەرهەم دەیەوێ لەم رێگایەوە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی بكات".

هەروەها فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، پێیوایە مادام بەرهەم ساڵح، دەستی لەكاركێشاوەتەوە "یەكێتی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی ناكات بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات و داواكەشی پەسەند دەكرێ، چونكە ئەو قەوارەی دروستكردووە و خۆشی ئارەزوومەندانە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، نەك وەك كارتی گوشار ئەوەی پێشكەشی یەكێتی كردبێ بۆ ئەوەی وتووێژی لەگەڵ بكرێ".



AM:10:17:18/09/2017