" ریفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام نادرێت "
سپی وردەکاری کۆبوونەوەی لیژنەی ریفراندۆم بڵاودەکاتەوە

لیژنەی باڵای ریفراندۆم بە ئامادەبوونی بارزانی دوێنی ١٧ ی ئەیلول لە هاوینەهەواری سەلاحەدین کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەسەر ئەو نامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامدا، سپی ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوت، لەو کۆبوونەوەیەدا نامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەلایەن بەریتانیاو ئەڵمانیا و فەرەنساو نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیری دەکرێت وەرگێردراوەتە سەر زمانی عەرەبی و بۆ ئەندامانی لیژنەی باڵای ریفراندۆم خوێندراوەتەوە.

لەو نامەیەدا کە سپی زانیاری تەواوی لەسەر هەیە، سەرەتاکەی بە سڵاوێک بۆ بارزانی دەستپێدەکات و پاشان باس لە رۆڵی هێزی پێشمەرگە دەکات لە شکاندنی چەکدارانی داعش دا،  دواتر داوای ئەنجامنەدانی ریفراندۆم دەکات لە هەرێم و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق، پاشان ئەلتەرناتیڤێکی چوار خاڵی دەخاتە بەردەم بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.

لەو چوار پێشنیارەدا هاتووە " ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان سەرپەرشتی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سامان و رێکخستنی پەیوەندی نێوان هەردوولا بە شێوازی کۆنفیدراڵی".

لە خاڵێکی تردا هاتووە ماوەی ساڵێکدا ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی سەرپەرشتی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەن تا مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت.

لە خاڵی سێهەمدا باس لە کۆمەکی هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگی پێشمەرگە و سووپای عێراق هاتووە کە ئەمنیەتی عێراق و هەرێم کوردستان لە تیرۆر بپارێزن.

لە کۆتا خاڵدا هاتووە کە پێویستە هەرێم و هێزە سیاسیەکانی پشتگیری سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بکەن لە رووی سیاسی و رووکانی ترەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لە کۆتایی نامەکەدا، باس لەو مەترسیانە دەکات کە رووبەرووی عێراق و هەرێم دەبێتەوەو لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە توندوتیژی ناوچە جێناکۆکەکان دەگرێتەوەو دەبێتە مەیدانی شەڕ.

بەپێی ئەو وەرگێرانە عەرەبییەی لە کۆبوونەوەکەدا بۆ نامەکەی وەزارەتی ئەمەریکا کراوە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەگەر کورد ئەو ریفراندۆمە ئەنجام بدات ئەوا رووبەرووی " عواقب وخیمە" واتە کوردستان رووبەرووی "ئاکامێکی کارەساتبار" دەبێتەوە.

لەو گفتۆگۆیەی لەو کۆبوونەوەیەدا کراوە، هەریەک لە هۆشیار زێباری و د. رۆژ شاوەیس و د. نەجمەدین کەریم زۆر توند هێرشیان کردۆتە سەر حەیدەر عەبادی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە کۆمیدیەوە کۆمێنتێکی وتووە کە ئێوە هەرسێکتان بەدەستی عەبادی دەرکراون بۆیە توند قسە لەسەری دەکەن، هاوکات مەسعود بارزانی بەرگری لە عەبادی کردووە.

لە کۆی ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر ئەو نامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کراوە، ئاراستەی گفتوگۆکان بەو جۆرە بووە کە ریفراندۆم یان بەتەواوی دوابخرێت، بەو مەرجەی هاوپیەمانان و ئەمەریکا لە پێشەوە گرنتی بدات بە کورد بۆ سەربەخۆیی، یان ئەگەر ئەنجامیش درا لە بەر زۆر هۆکار کە لەنێویشیاندا درووستبوونی شەڕە لە ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان، هەر بۆیە زۆربەی گفتوگۆکان بە ئاراستەی ئەنجام نەدانی ریفراندۆم رۆشتووە، بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە وەڵامی ئەو نامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بدرێتەوەو داوای گرەنتی نێودەوڵەتی بکرێت بۆئەوەی دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم بڕیاری کۆتایی خۆی بدات. ( وابڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەی باڵای کۆبێتەوەو پێش ریفراندۆم بڕیاری کۆتایی خۆی بدات ). 

سەرکردایەتی کورد پێشبینی دەکات لە وتاری سەرۆکی ئەمەریکا ترامپ، لە کۆنگرەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ١٩ ی ئەیلول دەستپێدەکات و تا ٢٥ ئەیلول بەردەوام دەبێت، ئاماژە بۆ پرسی عێراق و چارسەری کێشەکانی نێوان کورد و حکومەتی بەغدا بکات لە ژێر سەرپەرشتی نێو دەوڵەتیدا.     



PM:09:38:18/09/2017