یەکێتی هاریکاری کۆبوونەوە جەماوەریەکەی بارزانی لە سلێمانی دەکات

بەرپرسانی بالآی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاریان داوە هاوکاری سەرکەوتنی کۆبوونەوە جەماوەریەکەی بارزانی بکەن کە سبەی چوار شەممە لە سلێمانی سازدەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بۆ سپی ئاشکرا کرد کە کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستڕۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریان داوە لە رووی ئەمنی و ئیداری و جەماوەریەوە کۆمەکی بارزانی و پارتی بکەن تا کۆڕە جەماوەریەکەی بەسەرکەوتووی ئەنجام بدات.

بەپیی زانیارییەکانی سپی، سبەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم و بەرپرسانی تری یەکێتی هاوشانی پارتی لە سەکۆی وتارخوێندنەوەکەی بارزانی لە یاریگای سلێمانی ئامادە دەبن.

لە چوارچێوەی بانگەشەی ریفراندۆمی باشووری کوردستان، سبەی چوار شەممە ٢٠ ی ئەیلول بارزانی لە یاریگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ سازدەکرێت و وتارێک لەسەر ریفراندۆم پێشکەش دەکات.

لە ساڵی نەوەدەکانی دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستانەوە، کۆڕی جەماوەری بە بارزانیشەوە بۆ هیچ بەرپرسێکی پارتی لە مەیدانی کراوەدا سازنەکراوە.  



PM:10:04:19/09/2017