بەبێ پێشمەرگە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە دەستی پێکرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢١ ی ئەیلول هێزە عێراقییەکان پرۆسەی رزگارکردنی شارۆچکەی حەوجەیان، بەبێ پێشمەرگە دەستپێکرد.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ، دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی حەویجە رادەگەیەنین، و بەڵێنی تەواوی پاککردنی خاکی عێراق، لە داعش" .

جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارڵا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند" ھەریەک لە سوپای عیراق، پۆلیسی فیدراڵی، کاردانەوەی خێرا، ھێزەکانی حەشدی شەعبی، لەئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە و بەشی چەپی شەرگات-دا بەشدارن".

لەئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای حەویجەدا ٤٢ھەزار سەربازی سوپای عیراق و چەکداری گروپەکانی تر بەشدارن. ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ٤٠٨١ کیلۆمەتر دوجای خاکی حەویجەیە کە شوێنی ١٠٠ ھەزار ھاوڵاتییە.

تا ئێستا ئاشکرا نییە کە هێزەکانی پێشمەرگە لە قۆناغەکانی داهاتووی رێزگارکردنی ئەو شارەدا بەشداری پێدەکرێت، یان هەر لە هێڵە بەرگریەکانی خۆیان دەمێننەوە.




AM:08:40:21/09/2017