"لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕیفراندۆم نرخی بەنزین گران دەبێت"

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ڕیفراندۆم نرخی بەنزین بەرەو گرانی دەچێت پەرلەمانتارێکیش دەڵێت "پێدەچێت ویستی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەوجۆرەبێت خەڵک بۆ نەخێر هان بدەن".


لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ڕیفراندۆم کە تەنیا چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە نرخی بەنزین لە سەرجەم شارەکانی هەرێم بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە و لەشاری هەولێر کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە (700) دینارە کە پێشتر بە (500) دینار بوو.

د. شوان قەڵادزەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "بەداواداچونمان بۆ ئەو پرسە کردووە و لەسەرجەم شارەکانی هەرێم لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ڕیفراندۆم سەرەڕای گرانبوونی کاڵاکانی تر نرخی بەنزینیش بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت "وادیارە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەو هەنگاوە دەیانەوێت خەڵک توڕە بکەن و دەنگی نەخێر زیادبکەن، لەبەرئەوەی دەبوو لەگەڵ نزیکبونەوەی ڕیفراندۆم کار ئاسانی بۆ هاوڵاتیان بکرایە و بارگرنیەکانیان کەم بکرایەتەوە نەک نرخی کەلوپەل گران بکەن و خەڵک زیاتر لەخۆیان توڕە بکەن".

هاوکات نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر بە وەکالەت، بە ماڵپەڕی (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە "بەدواداچوونمان بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین کردووە، ھۆکاری گرانبوونەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پاڵاوگەی کەورگۆسک ڕێژەی بەرھەمھێنانی بەنزینی کەم بووەتەوە و ئێستا وەک پێشتر نییە".

لە سەرەتەی مانگی ئەیلولەوە نرخی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک بەرزبووەوە و ماوەی چەند ڕۆژێکیشە لە شاری ھەولێر بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، بە شێوەیەک لە ھەندێک لە بەنزینخانەکاندا، ھەر لیترێکی بەنزینی نۆرماڵ، نرخەکەی لە 700 دینار زیاتر بووە.



PM:03:13:21/09/2017