"ئەمریکا بەتوندی دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراقە"

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت ""ئەمریکا بەتوندی دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراقە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر زاری هێزەر نوێرت وتەبێژی ئەو وەزارەتە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایدەگەیەنێت "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەتوندی دژی ڕیفراندۆمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراقە بۆ سەربەخۆیی کە بڕیارە لە ٢٥ ئەیلول ئەنجام بدرێت، بەھەمان شێوە ھەموو دراوسێکانی عێراق ھەروەھا نزیکەی ھەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دژی ئەو ڕیفراندۆمەن".

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھانی سەرکردە کوردە عێراقیەکان دەدات بۆئەوەی بەدیلەکە قبوڵ بکەن, کە بریتیە لە دایەلۆگێکی جددی و بەردەوام لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا، کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو  نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوشانەکانی ترەوە پشتیوانی دەکرێت، لەسەر ھەموو بابەتەکانی جێگەی نیگەرانی بە پەیوەندی داھاتووی نێوان بەغداد و ھەولێریشەوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجامدرا،  پێناچێت دایەلۆگ لەگەڵ بەغداد دا ئەنجام بدرێت، ھەروەھا ئەو پێشنیارە نێودەوڵەتیەی سەرەوە بۆ پشتیوانیکردن لەدایەلۆَگیش نامێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریش دەدات لەوەی "نرخەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ  ھەموو عێراقیەکان بەکوردیشەوە بەرز دەبێت" دەشڵێت "ڕیفراندۆم ئێستاش کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر ھەماھەنگی بەزاندنی داعش بۆ وەدەرنانی داعش لەوناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ماون لەعێراق".

سەبارەت بە ناوچە کێشە لەسەرەکانیش ڕایدەگەیەنێت "بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەناوچە کێشە لەسەرەکان بەتایبەت ناسەقامگیری لێدەکەوێتەوە و گرژی زیاد دەکات کە داعش و گرووپە توندڕەوەکانی تر لەم کاتەیا بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیقۆزنەوە، باری ناوچە کێشە لەسەرەکان و سنوورەکانیان پێویستە لەڕێی دایەلۆگ و بەپێی دەستوری عێراقی چارەسەر بکرێن, نەوەک  لەڕێی کاری یەک لایەنە یاخود ھێزەوە".

ئەمریکا پێشی وایە ڕیفراندۆم لەوانەیە "پەیوەندیە بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق و ھەموو جۆرەکانی  کۆمەکی نێودەوڵەتیش بخاتە بەرمەترسیەوە، ھەرچەندە ھیچ یەکیک لە ھاوشانەکانی عێراق ھیواناخوازن ئەمە ڕووبدات".

ئاماژە بەوەش دەکات بەپێچەوانەوە گفتۆگۆی ڕاشکاوی بەدیلەکە، کە ھانی سەرکردەکانی کورد دەدەین قبوڵی بکەن "ھیوای ئەوەی پێیە کە چارەسەری زۆر لە نیگەرانیە ڕەواکانی کوردی عێراق بکات و وەرزێکی نوێی پەیوەندی نوێ و بنیاتنەرانە لەنێوان ھەولێرو بەغداد دا دروست بکات کەسودی بۆ ھەموو خەڵکی عێراق دەبێت".

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "کوردەکان پێویستە شانازی بەوەوە بکەن کە تاوەکو ئێستا ڕیفراندۆم بەدەستی ھێناوە، لەوانەش یەکگرتوویی زیاتری کورد و چالاک کردنەوەی پەرلەمان بۆ یەکەمجار لەماوەی نزیکەی دوو ساڵدا و خستنی بابەتە گرنگەکان بۆ سەر سەکۆی نێو دەوڵەتی، لەگەڵ ھاوشان و دۆستان کە ئامادەن بۆ بنیاتنان لەسەر ئەو ڕۆحی ھەماھەنگیەی کە لە نێوان ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و پێشمەرگە  لە ھەڵمەتی دژ بەداعش بەرجەستەکرا بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان".

دەشڵێت "بەداخەوە، ڕیفراندۆم لەھەفتەی داھاتوودا ھەموو ئەو وورەبەخشینە و زیاتریش دەخاتە بەردەم مەترسیەوە.

ئەمریکا خودی ڕیفراندۆم "چتیر پێویست نیە لەکاتێکدا کە ڕێگای جێگرەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ئامادەو پشتیوانی کراوە".



PM:04:31:21/09/2017