موقتەدا سەدر نامەیەک ئاراستەی سەرکردایەتی کورد دەکات

موقتەدا سەدر نامەیەکی ئاراستەی سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە "خۆکوژی" وەسف دەکات.

موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە پەیامێکدا هۆشداریداوە لە دەستوەردانی ئیسرائیل لە عێراق و دەڵێت "کوردەکان بێئاگان لە ئەنجامە خراپەکان و مەترسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم".

موقتەدا سەدر داوای لە لێپرسراوانی کورد کردووە دەستبەرداری پۆست و دەستکەوتە گەورەکانیان بن و پاروەنان لەگەڵ عێراقییەکاندا بەش بکەن و ڕاشیگەیاندووە "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خۆکوشتنە.

هەروەها هۆشداری داوەتە سیاسیەکان لە چەلەحانێی سیاسی و ئەمنی و ڕاگەیاندن و داوایلێکردوون پارێزگاری لە یەکپارچەیی عێراق و گەلەکەی بکەن.

داواشی لە حکومەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە "کۆتایی بەو گەمەیە بهێنێت کە بووەتە مایەی هەڕەشە بۆسەر عێراق".

سەدر داوای لە دەوڵەتانی هاوسێی عێراقیش کردووە ئاڵۆزییەکان زیاتر نەکەن لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و جەختیکردووەتەوە، عێراقییەکان توانایان هەیە کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، هەروەک چۆن سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا.



PM:07:49:21/09/2017