بزوتنەوەی گۆڕان هاوڵاتیانی كوردستان ئازاد دەكات چۆن مامەڵە لەگەڵ دەنگدان بۆ ریفراندۆمدا دەکەن

بزووتنەوەی گۆران لە دواجاردا نە لەگەڵ بەڵێدایەو نە لەگەڵ نەخێرداو بڕیاری دا" بزوتنەوەی گۆڕان هاوڵاتیانی كوردستان ئازاد دەكەین لە چۆنیێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا".

دوای گفتوگۆیەکی زۆر بزووتنەوەی گۆڕان خۆی یەکلای کردووەو رێگای سێهەمی هەڵبژارد، جگە لە رەخنەیەکی زۆر لە تێکڕای پرۆسەی ریفراندۆم و هەموو ئەو ئاکامە مەترسیدارانەی لەم ساتەدا لێیدەکەوێتەوە، هاوکات بزووتنەوەی گۆران لە دواجاردا نە لەگەڵ بەڵێدایەو نە لەگەڵ نەخێرداو بڕیاری دا" بزوتنەوەی گۆڕان هاوڵاتیانی كوردستان ئازاد دەكەین لە چۆنیێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا".  

راگەیاندراوێك بۆ رای گشتی

بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكەم ساتی راگەیاندنیەوە لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا مافی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی كردوە بە یەكێك لە ئامانجە نەتەوەییەكان. ریفراندۆمیش وەك هەنگاوێك بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە نەتەوەییە دانراوە. بەڵام سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوئاوازەكانیان ئەم پرۆسەیان بۆ دەسكەوتی كەسیی و حزبی و خۆدزینەوە لە چارەسەركردنی كێشە ئابوری و یاسایی و سیاسییەكانی كوردستان بەكارهێناوە و ناشیرینیان كردوە. هەروەها هەنگاوەكانیان بەو ئاڕاستەیە بوە كە یەكڕیزی گەلەكەمان و یەك دەنگی خەڵكی كوردستان بخەنە بەردەم مەترسیەوە.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و بەشێك لە كەسایەتییە رۆشنبیر و نیشتمانپەروەرەكانی كوردستان هەوڵی زۆرمانداوە گەلەكەمان بە یەكڕیزی و نەخشەیەكی تۆكمەوە هەنگاو بنێت بەرەو دروستكردنی پایەكانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و خۆمان بۆ ئایندەیەكی شایستە بە قوربانییەكانی گەلی كوردستان ئامادە بكەین. هەر بۆیە داوای دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆممان بۆ كاتێكی گونجاو كرد و داوامانكرد پێشوازی لە دەستپێشخەری هێزە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتوەكان بكرێت. بەڵام ئەو هەوڵانە فەرامۆشكران و گرنگی ئەو هەنگاوانە رەچاو نەكران. بۆیە هەر دەرەنجامێكی نەخوازراوی ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە لەم كاتەدا بڕیاریان لەم پرسە داوە.

لێرەش بەپێویستی دەزانین بڵێین كە حكومەتی بەغداش بەدەر نییە لە پێشێلكردنی دەستور و مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی ترو  جێبەجێ نەكردنی ئەو مادە دەستورییانەی كە مافە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر دەكەن.
لەكۆتاییدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بە كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانەوە دەکەینەوە، چونكە لە دروستبونی دەوڵەتی نوێی عێراقەوە تاكو ئەمڕۆ ململانێی سەرەكی نێوان گەلی كوردستان و رژێمە یەك لە دوای یەكەكان لەسەر دیاریكردنی سنوری جوگرافیای باشوری كوردستان بوە. چارەسەركردنی ئەو كێشەیە كرۆكی چارەسەركردنی كێشەی گەلی كوردستانە لە عێراقدا. بۆیە وەك بزوتنەوەی گۆڕان هاوڵاتیانی كوردستان ئازاد دەكەین لە چۆنیێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا.


     جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
      


AM:12:34:25/09/2017