بەرپرسانی هەرێم و کەرکوک داوا دەکەن تەقەی خۆشی نەکرێت

سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکیدا داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خۆیان لە تەقەکردن بپارێزن، پارێزگاری کەرکوکیش ؟هەمان پەیام ئاڕاستە دەکات.


لە ڕاگەیەندراوێکیدا سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت "دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی ڕیفراندۆم داوا لە هەموو هاوڵاتیانی كوردستان دەكەین لەكاتی دەربڕینی سۆز و شادیی خۆیان پابەندی فەرهەنگ و بەها بەرزەكانی گەلەكەمان بن. خۆیان لە هەر جۆرە تەقەكردن و كردەوەی ناشارستانی و ئیستیفزازی و نایاسایی بپارێزن و ڕەچاوی ئارامیی شارەكان و ئاسوودەیی خەڵك بكەن".

هاوکات، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان داوای لە هاوڵاتیانی کەرکوک کرد لەکاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکاندا خۆیان لە تەقەکردن بەدوور بگرن.

پارێزگاری کەرکوک وتیشی "داوا دەکەین فیشەکەکانتان هەڵگرن بۆ پارێزگاری لە سنورەکانی کوردستان ئەگەر پێویست بێت"

ئەمڕۆ 25ی ئەیلول، دەنگدانی هاوڵاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ڕیفراندۆمدا لە کاتژمێر ٨ ی بەیانیەوە دەستپێکردووە و ١٢ هەزار بنکەی دەنگدانیش بۆ ئەو مەبەستە کراونەتەوە.



PM:04:39:25/09/2017