چاوەڕواندەکرێت لەرۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانی گەورە بۆ پشتیگیری باشووری سازبکرێت

چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ 26 ی ئەیلول گەلی کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرگری لە مافی چارەی خۆنووسین بڕژێنە سەر شەقامەکان.

بەپێی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی رۆژهەڵات بڵاویان کردۆتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکە، ئەو شارانەی بانگەوازیی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجامدراوە بریتین لە: کرماشان، سونقور، گێلانی غەرب، پاوە، ڕوانسەر، داڵاهو، سنە، مەریوان، دیواندەرە، کامیاران، بانە، سەقز، ورمێ، مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار، ماکۆ، نەغەدە.

ئەو میدیایانە باسی ئەوە دەکەن کە چالاکوانانی مەدەنی لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵات لە کرماشانەوە هەتاکو ورمێ داوایان لە خەڵک کردووە، کە ئەمڕۆ بڕژێنە سەر جادەکان و بەرگری بکەن لە ژیانی دیموکراتی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد.

دوێنێ خەڵک لە شاری سنە و چەندین شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەمڕۆ لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازی کراوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان بەمەبەستی دەنگ هەڵبڕین بۆ ئازادی و بەرگریکردن لە مافی چارەی خۆنووسین.
 



AM:09:24:26/09/2017