سعودیە ڕێگە دەدات بە ژنان شۆفێری بکەن

بە فەرمانی شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز بۆ لەمەودوا ڕێگە دەدرێت بە ژنانی سعودیە کە ئوتۆمبێل لێبخوڕن.

ئەمڕۆ سێشەممە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودی (واس) بڵاویکردەوە شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز بڕیارێکی دەرکردووە کە تیایدا ڕێگە دەدات بە ژنانی وڵاتەکەی کە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن.

لە هەواڵەکەدا هاتووە کە بۆ ئەو مەبەستە فەرمانێکی شاهانە دەرکراوە کە لەسەر ئاستی باڵای وەزارەتەکان لیژنەی تایبەتمەند پێکبهێنرێت، بۆئەوەی لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا پێشنیاری خۆیان پێشکەش بکەن، پاشان بڕیارەکە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پاش بڵاوبووەوەی هەواڵەکەش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی سعودیە کرد و بە "هەنگاوێکی مەزن بە ئاراستەیەکی ڕاستەقینەدا" لە قەڵەمی داوە.

بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی سعودیە بە هیچ شێوەیەک و بە بیانووی نەگونجانی لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامدا ڕێگە نەدراوە بەوەی ژنانی ئەو وڵاتە ئوتۆمبێل لێبخوڕن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی لای ژنانی ئەو وڵاتە دروستکردووە، لەسەر ئاستی جیهانیش بەتایبەت بۆتە مایەی ڕەخنەیەکی زۆری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەرگریکاران لە مافی ژنان لە جیهاندا.



PM:11:17:26/09/2017