"بارزانی دەستپێشخەریەکەی ئەیاد عەلاوی قبوڵکرد"

نوسینگەی ئەیاد عەلاوی ڕایگەیاند، بارزانی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکی کردووە سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسینگەی ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق  لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند "عەلاوی نامەیەکی پشتیوانی لە بارزانییەوە پێگەشتووە سەبارەت بە دەستپێشخەریەکی نیشتیمانی کە دەریبڕیوە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە کارەسات و فیتنە کە ڕەنگە ڕووبەڕووی ببێتەوە و ئامادەیی نیشانداوە بۆ کرانەوە لەگەڵ دەسپێشخەریەکەدا و هاوکاریکردن لەپیناو جێبەجێکردنیدا".

بەگوێرەی بەیاننامەکەی نوسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، بارزانی لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "بانگهێشتەکەتان بۆ گفتوگۆ وەک هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و دوورکەوتنەوە لە شێوازی هەرەشەی بەکارهێنانی هێز و ئینکاری، ئەوەیە کە ئیمەش بە هەمانشێوە داوامانکردووە، بۆ ئەوەیە پشتی پێببەسترێت لەوەتەی کێشە و قەیرانەکان هاتوونەتە ئاراوە، ئێستاش دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم هەمان بژاردەمان هەیە، کە خۆی دەبینێتەوە لە بژاردەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، بەشێوەیەک دووربێت لە خۆدەرخستن و فەرزکردنی ئیرادە".

هەر بەپێی بەیاننامەکە لە بەشێکی تری وەڵامی دەستپێشخەریەکەی عەلاویدا بارزانی وتوویەتی "ئێمە لە دەستپێشخەریەکەتاندا بنەمایەک دەبینین بۆ گەرانەوە بۆ ژیری و هێز بەکارهێنانی وەک سەکۆیەک بۆ ئامادەکردنی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی ناو پرۆسەی سیاسی و ئەوانەی دەرەوەش، بۆ ئەوەی بە شوێن چارەسەرێکی دادپەروەرانەدا بگەڕێن بۆ لێتێگەیشتن و لابردنی هەموو بەربەستەکان، کە هەندێک لە بۆسەدان بۆئەوەی هەلەکە بقۆزنەوە کە دۆخەکە بەو شێوە ئاڵۆزە بمێنێتەوە و هەموو ئەو توانایانەش لەناوبەرن کە زەمانەتی خواست و داخوازییەکانی عێراقییەکان دێنێتە دی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراسی لەسەر بنەمانی هاونیشتیمانی بوون کە دامەزراوەکانی تیایدا دڵنیایی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بکەن".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی عەلاوی لە بەشێکی تری نامەکەیدا بارزانی ڕایگەیاندووە "بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم جەختمانکردووەتەوە لەوەی کە ڕیفراندۆم ڕاستەوخۆ بۆ دروستکردنی دەوڵەت نییە، بەڵکو ئێمە ئامادەین بۆئەوەی تا دوو ساڵی تر چاوەڕێ بکەین و لە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەدا بین، بۆ سەرجەم دۆسییە و کێشەکان بۆئەوەی ببینە دوو هاوبەش لە بنیاتنانی داهاتوو بۆ گەلەکەمان، بێ ئەوەی سیاسەتی ئەمری واقیع بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنین".

بارزانی ووتووشیەتی "لە دەستپێشخەریەکەتاندا بنەمای ئیجابی دەبینین بەتایبەت داواکەتان بۆ ڕاگرتنی زمانی زبرو هەڕەشەو بەکارهێنانی پەرلەمان بۆ دەرکردنی بڕیاری تۆڵەکردنەوە، لەناویشیاندا ڕاگەیاندنی شەڕ بە ناڕاستەوخۆ، کە پێچەوانەی دەستورە، بۆیە ئێمە کراوەیەن بەسەر دەسپێشخەریەکەتاندا و ئامادەی هاوکارین لەگەڵتان".

ڕۆژی ٢٥ی ئەیلول کە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بوو، ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق دەستپێشخەریەکەی ڕاگەیاند بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستا، کە لەناویدا داوای لە بارزانی کرد ئەنجامی ڕیفرادۆمەکەی هەرێم ڕابگرێت لە پێناو دەسپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشیتمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەو شێوەیەی کە لە ماددەی ١٤٠ی دەستوردا هاتووە.



PM:10:19:28/09/2017