مەرجعی شیعە لەگەڵ مافی کوردو جێبەجێکردنی دەستوری عێراقدایە

گەورە مەرجەعی شیعەکان کە زۆربەی هەفتەکان لەسەر بابەبەتەکانی رۆژ هەڵوێستی خۆیان لە پەیامێکەوە رادەگەیەنن، ئەمڕۆ رایانگەیاند" ئەوان لەگەڵ مافی کوردان، بەڵام هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی دەستورو پاراستنی یەکێتی خاکی عێراقدان".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ 29-9 مەرجەعیەتی ئایینی شیعەكان لە وتاری رۆژی هەینیدا کە لەزاری ئەحمەد سافی وتاربێژی حوسێنیەی گەورەی كەربەلاوە خوێندرایەوە داوایكرد مافە دەستورییەكانی كورد بدرێن و هۆشداریدا لە تێكچونی نێوان پێكهاتەكان و دابەشكردنی عیراق.
سافی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتیشی " پێویستە هەموان پابەندی دەستور بن و كێشەكانیان لەو رێگەیەوە چارەسەر بكەن، هەروەها پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدرالی بن، هۆشداریشیدایە حكومەتی بەغدا كەكارێك نەكات ببێتە هۆی لێكترازانی زیاتری نێوان پێكهاتەكانی عیراق و وتی: "نابێت برایانی كوردمان لە مافە دەستورییەكانیان بێبەشبكەین".

سافی ئەوەشی وت كە هەر دابەشبونێكی عیراق رەتدەكەنەوەو خراپبونی دۆخەكە دەرگا بۆ ئەو وڵاتانە دەكاتەوە كە ئەجێندای سیاسیان هەیە لەسەر حسابی هاووڵاتیانی عیراق جێبەجێی دەكەن، وتیشی " بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین بگەڕێنەوە بۆ بەغداو چارەسەری كێشەكان بكەن هەروەك داواش لە سەركردەكانی كورد دەكەین لەگەڵ سەركردەكاندا كێشە سیاسییەكان چارەسەر بكەن، ئێمە لەم پێگەیەی خۆمانەوە لەپەرۆشیمانە بۆ یەكپارچەیی خاكی عیراق".

ئەو رایەی گەورە مەرجەعی شیعەکان سیستانی لە پشتەوەیە لەلایەن شیعەکانی عێراقە وەک شتێکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و جێبەجێدەکرێت.



PM:02:29:29/09/2017