بەپێی رێککەوتنێک پێشمەرگە چەند سەنگەرێک لەنزیک خورماتوو بۆ حەشدی شەعبی و سووپای عێراق چۆڵدەکەن

فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە دوێنێ ٢٩ ی ئەیول لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی شاری حەویجە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، پێشمەرگە چەند سەنگەرێکیان چۆڵکردووە بۆ ئەو هێزانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" دوێنێ فەرماندەکانی پێشمەرگە لە میحوەری باشووری کەرکوک و خورماتوو، بەپێی رێککەوتنێک چەند سەنگەرێکی هێزی پێشمەرگەیان لەناوچەی زەرگە لە باشوورت رۆژئاوای خورماتوو چۆڵ کردووە بۆ هێزەکانی سووپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی ئەو هێزانە لەو میحوەرەشەوە هێرش بکەنە سەر حەویجە کە بەدەست چەکدارانی داعشەوەیە".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد چۆڵکردنی ئەو چەند سەنگەرەی پێشمەرگە بۆ هێزە عێراقییەکان بە مەبەستی هاوئاهەنگی و پێشاندانی " نیەت باشی" پێشمەرگەیە بۆ هێزە عێراقییەکان و، جەخت کردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە چەکدارانی داعش دوژمنی هەریەکە لە حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانن.

زەرگە کە گوند و پردێکە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای خورماتوو، لە نێوان خورماتوو و تکریتدایە، زەرگە شوێنێکی ستراتیژیە بۆ هێرشکردنە سەرچەکدارانی داعش لە شاری حەویجە، لەچەند مانگی رابردووشدای لەو ناوچەیە چەکدارانی داعش زیاتر لە ٥ هێرشیان کردبووە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

ماوەی زیاتر لە ١٠ رۆژە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری حەویجە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستی پێکردووەو رۆڵی پێشمەرگە زیاتر رۆڵی لۆجستی دەبینێت لەو شەڕەدا. 




PM:01:23:30/09/2017