" شیعەکان دەیانەوێت سلێمانی لە هەولێر دابڕن "

هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە کە حکومڕانی عێراقن دەیانەوێت ناوچەکانی سلێمانی لە هەولێر و دهۆک دابڕن.

سەەرچاوەیەکی سیاسی ئاگاداری عێراقی بە سپی راگەیاند سەرکردەکانی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بەتایبەتی عەبادی و مالکی لە هەوڵی ئەوەدان کە کەلێن بخەنە نێوان سەرکردەو حیزبەکوردیە سەرەکییەکانی هەرێمەوە، لەوانە یەکێتی و گۆڕان لە هەولێر دابڕن.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە لەم پرۆەژەیەی هاوپەیمانی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەشدارن و لەچەند رۆژی رابردوودا وەفدێکی ئێران لە سلێمانی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی کۆبوونەتەوەو بە ئاشکرا داوایان کردووە کە دوور بکەونەوە لە پارتی، ئەو کات ئێران و حکومەتی عێراق ئامادەن هەموو کارئاسانییەک لە رووی ئابووری و داراییەوە بۆ ناوچەکانی سلێمانی بکەن.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، سەرچاوەکەی سپی، پێیوایە بەهۆی ئەو پەیوەندیەی باشەی هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی لەگەڵ مالکی و عەبدیدا هەیانە، پێدەچێت لە ئایندەدا لەگەڵ قورس بوونی گەمارۆ ئابورییەکانی بەغدا لەسەر هەرێم، ئەو هەنگاوەی سەرکردە شیعەکان بتوانێت وردە وردە هەولێر و سلێمانی جارێکی تر لەیەکدا بڕنەوە، وەک لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا روویدا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ چەندان دەنگی ناو گۆڕانیش کرد کە دەمێکە پێ لەسەر دوو ئیدارەی جیاوازی نێوان هەولێر و سلێمانی دادەگرن و ئەمەش هاندەرێکی تر دەبن بۆ دابڕانی هەولێر و سلێمانی لەیەک.

لە رۆژی ٢٥ ی ئەیلولەوە کە لەهەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان ریفراندۆم سازکرا، حکومەتی عێراق بە پاڵپشتی ئێران و تورکیا کۆمەڵێک رێوشوێنی ئابوری و ئیداری دژی باشووری کوردستان گرتۆتە بەر.
   


PM:11:03:30/09/2017