ئێران و تورکیا لەبارەی ڕیفراندۆمەوە گفتوگۆیانکردووە


دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەوان سزای خەڵکی هەرێم نادەن و "تەنها سیاسییەکانی هەرێم دەبێت قەرەبووی هەڵەکانیان بکەنەوە".

دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا لە بوارە جیاوازەکاندا ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت و هەماهەنگی زیاتر دەکەین لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکە".

بە وتەی ڕۆحانی هەردوولا جەختیان لە فراوانکردنى پەیوەندییە ئابورییەکانى نێوانیان کردووەتەوە و چەند ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆ کردوە.

ئاشکراشیکرد ڕێکەوتننامەى فراوانکردنى پەیوەندییە بانکییەکانیان لە هەفتەى داهاتوەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە".

سەرۆک کۆماری ئێران لەباەی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستانە ڕایگەیاند "جەختمان لە هاوکارى ئێران و تورکیا و عێراق کردەوە لەبارەى ڕیفراندۆمی هەرێمى کوردستانەوە وهەردوولامان دابەشکارى لە جوگرافیای عێراق قبوڵ ناکەین و سورین لەسەر پەکپارچەى عێراق".

وتیشی "ئەو کەسانەی کە بە ڕیفراندۆم لە هەرێم هەستاون دەبێت قەرەبووی هەرسێ وڵاتی عێراق و ئێران و تورکیا بکەنەوە".

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند "بڕیارماندا هاوکارى بانکی ناوەندی هەردوولا بکرێت بۆ دابینکردنى ئاسایشى دارایی و نەختی و لقی بانکە تورکییەکان لە ئێران دەکرێتەوە".

ئەردۆغان ئاشکرایکرد "تەوەری گفتوگۆمان بە سەرەکی لەسەر خاکی عێراق بووە و لێرەوە دەڵێین هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و عێراق و ئێران سنوری هەیە و نازانین بەتەمای چییە؟".

وتیشی "لەگەڵ ئێران جەختمان کردەوە کە دان نانێین بە ڕیفراندۆمی هەرێمى کوردستاندا و ڕیفراندۆمی هەرێم بە هاوکارى موسادی ئیسرائیلی ئەنجام دراوە و بە هیچ جۆرێک جێگەى قبوڵ نییە".

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی "جگە لە ئیسرائیل هیچ وڵاتێکى تر پشتگیرى بڕیارەکانى هەرێمى کوردستان ناکات و ئێمە لە عێراق تەنها دەوڵەتى عێراق دەناسین و قسە لەگەڵ ئەو دەکەین".



PM:04:37:04/10/2017