ماکرۆن لەگەڵ مافی کوردو یەک پارچەیی عێراقدایە
عەبادی: دەمانەوێت کۆنترۆڵی ناوچە جێناکۆکان بکەین

سەرۆکی فەرەنسا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقدا، بەڵام دەبێ مافەکانی کوردیش بدرێن.

یمانویڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە فەرەنسا کۆبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ماکرۆن ڕایگەیاند، ئامادەن نێوەندگیری نێوان بەغدا و هەرێم بکەن.

لەبارەی ریفراندۆمی کوردستان، ماکرۆن رایگەیاند " ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان نادڵنیایی راستەقینەی لە عێراق دروستکردووە، پێش ئەنجامدانیشی گوتوومانە عێراقێکی یەکگرتوو و بەهێزمان دەوێت. هاوکات فەرەنسا پەیوەندی دۆستانەی بەهێزی لەگەڵ کوردانی عێراقدا هەیە و پێویستە دان بە مافەکانی کورددا بنرێت".

هاوکات عەبادی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا رایگەیاند، دەیانەوێت پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بکەن و نایانەوێت شەڕی پێشمەرگە بکەن.

هەروەها عەبادی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان نایەنەوێت شەڕێ پێشمەرگە بکەن، بەڵام هاوکات نەیشاردەوە کە دەیانەوێت هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی ناوچە جێناکۆکان بکەنەوە.

ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئیمانویڵ ماکرۆنی، سەرۆکی فەرنسا کۆبووەوە، ئەم کۆبوونەوەش لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لەو پەڕی گرژیدایە بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمەوە لە ٢٥ی ئەیلولدا.



PM:02:00:05/10/2017