بارزانی ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا بێ هیچ پێشمەرجێک

بارزانی و سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و ڕاوێژکارێکی بارزانیش دەڵێت "هیچ کەس بیر لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم نەکاتەوە".


سەرۆکایەتی هەرێم ڕاگەیەندروێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە "ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی تشرینی یەکەم مەسعود بارزاای لە سەڵاحەدین پێشوازی کرد لە سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەدیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان و کاردانەوەکان ئاڵوگۆڕ کرا".

ھەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەو دیدارەدا وێڕای دووپاتکردنەوەی پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و ئاساییش و دوورکەوتنەوە لە گرژی، جەخت لەسەر ھێورکردنەوەی بارودۆخی سیاسی و پشتبەستن بە پڕەنسیپی گفتوگۆ بە ئەجێندای کراوە و بەشداریی ھەمەلایەنە بۆ گەییشتن بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرایەوە"

هاوکات هێمن هەورامی، هێمن هەورامی ڕاوێژکاری سیاسی بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەسەر کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و سەلیم جبوری نوسیوویەتی "بارزانی ئامادەیی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستانی نیشان داوە، کە لەسەر بەرنامەی کاری کراوە و لە ماوەیەکی دیاریکراودا گفتوگۆ لەگەڵ عێراقییەکان بکات بەبێ پێشمەرجی لایەنی عێراقی".

هێمن هەورامی ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا بە جبوری ڕاگەیاندووە "دەمانەویت بە گفتوگۆ و پشوو درێژی بگەینە ریککەوتن لەسەر قۆناغی پاش ریفراندۆم. هیچ کەس بیر لە هەلوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆم نەکات چونکە ئەوە بریاری گەلە و هیچ کەس و هێز و لایەنیک ناتوانیت بریاری وابدات".



PM:01:43:08/10/2017