بەغدا رەتیدەکاتەوە هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان

وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیدەكاتەوە كە هێزە عێراقییەكان بەنیازبن هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان. 

وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیران عێراق، سەعد حەدیسی لە وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا كە هۆشداری دابو لەبارەی ئەوەی هێزە عێراقییەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشێكردنە سەر كوردستان، بە رووداو رایگەیاند”هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نییە لەو بارەیەوە بنرێت، ئەوەی هەبوە هێزە عێراقییەکان چەند ناوچەیەکیان لە رۆژئاوای کەرکوک رزگارکردوە لە حەویجە، ریاز، عەباسی، رەشاد و زاب، کە لەژێر دەسەڵاتی داعش بونە، ئەو ناوچانەش 40% پانتایی کەرکوک پێکدەهێنن”.
 
جەختیشی كردۆتەوە كە بەپێی مادەكانی 134 و 140ی دەستور دەسەڵاتی ناوچە جێناكۆكەكان بۆ حكومەتی فیدرالیە.
 
لەبارەی ئەگەری هێرش لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ سەر پێشمەرگە كە وەك هێزێكی ئامادەكار بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان لە راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدا ناوی براوە، سەعد حەدیسی بە روداوی وتوە”حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستەمی ئاسایشی عێراقی و لەژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانە، حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئیتحادییە، هاوکات دەمەوێت ئەوە بڵێم هیچ هەنگاوێک نییە لەسەر زەوی بۆ ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە یان ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی لێوەدەکات، هاوکات داوای ئەوە دەکەین شتێک نەکرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی عێراق پێی نیگەران بن و شتێک نەکرێت بۆ ئەوەی رق و کینە لەنێوان عێراقییەکان بڵاوبکرێتەوە”.



PM:10:00:11/10/2017