عەبادی: سوپاکەمان لە دژی گەلەکەمان بەکارناهێنین

سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند ڕەتی دەکاتەوە هێز لەدژی باشووری کوردستان بەکاربهێنن دەشڵێت "ئەرکی سەر شانمانە هاونیشتمانیان و سامانی نیشتمانی بپارێزین".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی یەکەم، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد لەبارەی چەسپاندنی سەقامگیریی زیاتر لە پارێزگای ئەنبار کرد، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەشدا لەبارەی پاشهاتەکانی دوای ڕیفراندۆم ڕایگەیاند "سوپاکەمان لە دژی گەلەکەمان بەکارناهێنین و شەڕ لە دژی هاونیشتمانیان و برا کوردەکانمان ناکەین".

عەبادی جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەرکی سەر شانمانە پارێزگاری لە یەکپارچەیی وڵات بکەین و دەستوور بچەسپێنین و هاونیشتمانیان و سامانی نیشتمانی بپارێزین".

عەبادی جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بەجدی کار بۆ خێراکردنی پرۆسەی چەسپاندنی سەقامگیری دەکەین، پێویستە کەمپەکانی ئاوارەکان دابخرێن و بەزووترین کات هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، هەروەها پارێزگاری لەو سەرکەوتنە بکرێت، کە لە ئەنبار بەدەستهاتووە".



PM:02:20:12/10/2017