ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دۆخی هەرێمەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

 

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە و داوا دەکات کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی سیستانیدا چارەسەر بکرێن.


ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا شەش داواکاری ئاراستەی حکومەتی ناوەندی عێراق کرد و داوا دەکات هەر بژاردەیەکی سەربازی و بەکارهێنانی هێز بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان وەلاوە بنرێت.

دەشڵێت "کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە ڕیفراندۆمەوە سەرچاوەی گرتووە و پێویستە ئەمە لەلایەک بێت، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی ئایەتوڵا سیستانی و ناوەندەکانی نێودەوڵەتی وتوێژی بێ مەرج لەنێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند دەستپێبکات و کۆی کێشە درێژخایەن و هەنوکەییەکان بە گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستوردا لەنێوان هەولێر و بەغدا و پارێزگاکانی هەرێم و بەغدادا چارەسەر بکرێن".

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داواشیکردووە، ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی عێراقەە سەربارەت بە هەرێم گیراونەتە بەر پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی خەڵک و یاسایی بوونیان، هەروەها داوای ئەوەش کراوە، ئەو بڕیارانە ڕەتبکرێنەوە کە لێکەوتەی خراپیان لەسەر متمانە بە یەکتر کردن هەیە.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتوویەتی، پاراستنی شکۆ و ئاسایشی ئەو ناوچانە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و لە گەردنی هەموو لایەکدایە.



PM:10:38:12/10/2017