ئەنجومەنی ئاسایش ڕاگەندراوێک لەبارەی دۆخی کەرکوکەوە بڵاودەکاتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هێزێکی بەرچاوی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە باشووری کەرکووک کۆکراونەتەوە ڕاوێژکارێکی بارزانیش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە بێنە دەنگ.


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر  بڵاوی کردەوە "زانیاریمان ھەیە ژمارەیەکی بەرچاوی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە تانک و تۆپ و زرێپۆشەوە لە بەشیر و تازە لە باشووری کەرکووک کۆکراونەتەوە و زانیاریی هەواڵگری لەبارەی ئامانجەکەیان هەیە".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو هێزانە نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە ھێزی پێشمەرگەوە دوورن، جەختیشی لەوە کردووەتەوە "زانیارییە ھەواڵگرییەکان دەڵێن، نیازی دەست بەسەرداگرتنی کێڵگەی نەوتی و فڕۆکەخانە و پێگەی سەربازییان لە دەوروبەری ئەم ناوچەیە ھەیە".

هاوکات داوا له‌ حکوومەتی عێراق کراوە، "حه‌شدی شه‌عبی له‌ په‌لهاوێشتنه‌کانی بۆ  كه‌ركووك و باكووری مووسڵ بوه‌ستێنێت"، جەختیش لەوە کراوەتەوە "ئه‌م كاره‌ سه‌رەڕۆیانه‌ و ئیستفزازییه‌، دوابه‌دوای ئابڵۆقه‌ی ئاسمانی بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان و گرتنه‌به‌ری سزای به‌كۆمه‌ڵ له‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان دێت".

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردووەتەوە "كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ داواكاریی گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تیش پێویسته‌ ئیدانه‌ی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی بكات و هانی حكوومه‌تی عێراق بدات تاوەکوو بۆ گفتوگۆ بگەڕێتەوە".

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەم جارە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراو لەبارەی دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی ترەوە بڵاودەکاتەوە.

هاوکات هەر ئەمشەو هێمن هەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی بارزانی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە "هەزاران پێشمەرگە بە چەکی قورسەوە لە چواردەوری کەرکووک لە ئامادەباشی دان و فەرمانیان پێکراوە بەرگری بکەن".

داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، لەبارەی دۆخی کەرکووک بێنە دەنگ، جگە لەوەی داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، کە وەک ئەو دەڵێت "ئەگەر دەتوانێت یان حەشدی شەعبی گوێی لێ دەگرێت فەرمان بە حەشدی شەعبی بکات، پاشەکشە بکەن".

پێشتر "سپی" ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەمشەو حکومەتی عێراق هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکانی بەشیر و لە رۆژئاوای شاری خوارماتووشەوە لە ناوچە زەرگە هێزێکی تر جووڵەی پێکراوە بەرەو داقوق.

هەندێک سەرچاوەی سیاسی ئاشکرای دەکەن هێنانی ئەو هێزە بۆ هێرشکردنە سەر شاری کەرکوکە، بەتایبەتی کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتییەکان.

هاوکات هەر ئەمشەو کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی هەرێم و شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی هیزەکانی ٧٠ و محەمەدی حاجی مەحمود سکرتیری حیزبی سۆسیالیست گەیشتنە شاری کەرکوک.



AM:08:25:13/10/2017