سامانە سروشتییەکان مەرجەكانی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدای راگەیاند

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی كوردستان پێنج خاڵی بۆ چارەسەرکردن و ڕێککەوتن لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت ڕاگەیاند.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم لە فەیسبووکەوە ڕاگەیەندراوێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بڵاوکردەوە.

خاڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەمشێوەیەن..

١.حکومەتی عێڕاق مووچەی تەواوی کارمەندانی حکومەت، بەشە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش و خانەنشینان دابین بکات کە مانگانە دەکات ٩١٥ ملیار دیناری عێراقی.

٢.بەشی ١٧%ی بەرهەمە نەوتییەکانی تەواوی عێراق بۆ بەرکارهێنانی ناوخۆ بۆ کوردستان دابین بکرێت بەمەبەستی بەکارهێنانی بۆ پاڵێوگە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

٣. لە بودجەی تەشغیلی عێراق، بەشی ١٧% بۆ بودجەی تەشغیلی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت (جودا لە بودجە و مووچە).

٤.حکومەتی عێراق گەرەنتی پێدانی پارەی کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتی بەرهەمێنانی نەوت لە کوردستان بکات بەگوێرەی ئەو گرێبەستانەی کە کراون بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەدەستهێنانی قازانج بەردەوام بن.

٥.یان حکومەتی هەرێم پێشنیازێکی هەرە ئاسان دەکات کە ئەویش : حکومەتی هەرێم ١٧% لە تەواوی بەرهەمی نەوتی عێراق و کوردستانی پێبدرێت و حکومەتی هەرێم خۆی تەواوی خاڵەکانی سەرەوەی لە ئەستۆ دەگرێت.




PM:08:26:13/10/2017