" قاسمی سلێمانی دەیەوێت هەرێمی کوردستان دابەش بکات "

بەرپرسێکی بالآی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند" قاسمی سلێمانی وەک سەرۆکی ناوچەکانی سلێمانی هەڵسوکەوت دەکات و ئامانجەکەشی دابەشکردنی هەرێمی کوردستانە ".

بەرپرسێکی بالآی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە سپی راگەیاند" قاسمی سلێمانی فەرماندەی قەرارگای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بەو ئاراستەیە لەسەر ناوچەکانی سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کار دەکات کە بەتەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەلآتی یەکێتی دابڕێت لە ناوچەکانی ژێر دەسەلآتی پارتی و هەرێم وەک سەردەمی شەڕی ناوخۆ بکات بە دوو بەشەوە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی نەیشاردەوە کە قاسمی سلێمانی وەک سەرۆکی ناوچەکانی سلێمانی هەڵسوکەوت دەکات.

سەبارەت بەرۆڵی قاسمی سلێمانی لەو ناوچەیە، بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوە سەرۆکی ناوچەکانی سلێمانی کاردەکات و سەرکردایەتی یەکێتیش " بەتەواوی لەژێر هەژموونی قاسمی سلێمانیدان ".

بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە قاسمی سلێمانی دەیەوێت لە رێگای پێدانی هەندێک ئیمتیازاتی وەک کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەرووی گەشتەکانی دەرەوە، کردنەوەی دەروازە گومرگیەکانی ناوچەکەو پێدانی مووچەی مووچە خۆرانی ئەو دەڤەرە، بەتەواوی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری دابڕێت لەهەولێر و دهۆک و لە ئایندەدا بیکات بەهەرێمیکی سەربەخۆ".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر ئەو هەولآنەی قاسمی سلێمانی سەربگرێت، ئەوا ناوچەکانی دهۆک و هەولێریش لە ماوەیەکی دوورتردا دەکەونە ژێر هەژموونی تورکیاوە هاوشێوەی قوبرس.

بەرپرسەکەی یەکێتی مەترسی ئەو پڕۆژەیەی قاسمی سلێمانی بۆ سەر ئایندەی باشووری کوردستان ئاشکرا کردو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەق نییە کادیرانی یەکێتی و لایەنەکانی تر و خەڵکی ناوچەکە ئەمە قبوڵبکەن و ، سنورێک بۆ دەستوەردانی قاسمی سلێمانی و بەرپرسانی تری ئێران لە دەڤەری سلێمانی دابنرێت. 
 

PM:05:48:14/10/2017