" تا ئێستا یەکێتی لەسەر کەرکوک دوو رایە "
رەنگە ئەمشەو سووپای عێراق بچێتە هەندێک شوێنی ستراتیژی کەرکوک

تا ئێستا کە چەند کاتژمێرێکی ماوە بۆ ئەو وادەیەی دانراوە بۆ پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی بەغداوە ناوچە گرنگەکانی کەرکوک چۆڵبکات، لە نێو یەکێتی دوو ڕا هەیە، لایەکیان لەگەڵ عەبادی لەرێککەوتندان، لاکەی تریش رازی نین بەو مەرجانەی عەبادی و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لەگەڵ پارتی یەکڕابن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتوون، بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ حکومەتی بەغدا رێککەوتوون و دەیانەوێت رێگا بدەن بە هێزە عێراقییەکان تا بێنە ئەو شوێنانەی داوایان کردووە، لەوانە هێزێکی عێراقی بچنە سەربازگەی کەیوان، هەروەها فڕۆکە خانەو ئەو بیرە نەوتیانەی لەژێر دەستی یەکێتیدان.

سپی زانیویەتی ئەگەر ئەو هێزەی عێراق بچنە نێو سەربازخانەی کەیوان، ئەوا ‌فیرقەی ١٢ سووپای عێراقە، هاوکات هێزێکی پێشمەرگەش لەگەڵ ئەو ‌‌هێزە عێراقییە لە سەربازگەی کەیوان جێگیر دەبن. سەرەتای ئەم رێککەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ ساتی پرسەکەی تاڵەبانی لەبەغدا، کە لە پەراوێزی پرسەکەدا چەند کەسێک لە بنەماڵەی تاڵەبانی لە بالووێزخانەی ئێران لەبەغدا لەگەل قاسمی سلێمانی فەرماندەی سووپای قودس کۆبوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو دەمەوە سەرەتای ئەو رێککەوتنە دڕێژراوەو پەیامەکانی بافل تاڵەبانی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدان کەچەند ساتێک پێش هێرشکردنە سەر کەرکوک لەلایەن سووپای عێراقەوە، هەر دووکیان بلآویان کردەوە، ئەمشەویش چەند کەسێکی بنەماڵەکە ئەو پرسەیان لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ باسکردووە، کە بەرهەم ساڵحیش لەو دەمەدا میوانی کۆسرەت رەسوڵ بووە لەماڵی خۆی لە سلێمانی، بەرهەم ساڵح یش هاوڕابووە لەگەڵ رای بنەماڵەکە، بەلآم کۆسرەت رەسوڵ رازی نەبووە بەو رێککەوتنە.

ئەو رێککەوتنە کە رەنگە ئەمشەو جێبەجێبکرێت، لە کاتێکیدایە  هەریەک لە شێخ جەعفەر مستەفا لە بارەگاکەی خۆیدایە لە کەرکوک لەخانووە کۆنەکەی عەلی حەسەن مەجیدو لەگەڵ ئەم رێککەوتنەدا نییە، هەروەها کۆسرەت رەسوڵ کە ‌‌هێزێکی لە فڕۆکەخانەی کەرکوکە، ئەویش لەگەڵ ئەو رێککەوتندا نییە.

هاوکات پارتی بڕیاریداوە کە ئەگەر هێزەکانی عێراق بچنە سەر هێزەکانیان لە ناوچەکانی دبس بەتایبەتی لەهەردوو بیری هاڤانا و بای حەسەن، ئەوا هێزەکانی پارتی شەڕی سوپاو حەشدی شەعبی دەکەن.

لەلایەکی ترەوە هەندێک زانیاری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دوو بەرپرسی ئەمنی ناوچەکانی سلێمانی ئەم ئێوارەیە چوونەتە ناوچەکانی ژێر دەستی هێزە عێراقییەکان لە دەڤەری کەرکوک بۆ رێککەوتن لەگەڵیانداو جێبەجێکردنی هەنگاوەکان، هەندێک زانیاری تریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو بەرپرسە ئەمنیانە بەو مەبەستە چوونەتە لای هێزە عێراقییەکان تا ٢٤ کاتژمێری تر ئەو وادەیە دوا بخەن. ( تا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بارزانی و یەکێتی سبەی لە دوکان دەکەوێت بەلایەکدا، لەبەر رۆشنایی ئەو کۆبوونەوەیە بڕیار دەدرێت ).

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەگەر ئەمشەو ئەو هێزە عێراقییە بچنە سەربازگەی کەیوان، رەنگە بەیانی کۆبوونەوەی بارزانی و یەکێتی لە دووکان ئەنجام نەدرێت، یان وەک چاودێران پێشبینی دەکەن بەتەواوی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی تێکبچێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەندازیاری هەموو ئەو هەنگاوانە قاسمی سلێمانی یە کە هەر لەسەرەتای ریفراندۆمە لەهەوڵدا بووە بۆ دابڕاندنی یەکێتی لە ریفراندۆم و دواتر دابڕانی ناوچەکانی سلێمانی لەهەولێر و دهۆک.  
  



PM:11:01:14/10/2017