ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق ژمارەیەک بڕیاری قورس دژی هەرێم دەردەکات

ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق چەند بڕیارێکی قورسی لەدژی کورد دەرکرد.

ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبادی سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و تیایدا کۆتاییهێنان بە داعش وەک کاری لەپێشینەیان باسکراوە و و چەند بڕیارێکی قورسیش دژی کورد دران.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی کردووە و تیایدا جەختی کردۆتەوە کاری لەپێشینەیان کۆتاییهێنانە بە بوونی داعش لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەنجومەنەکە ئاماژەی کردووە بە هەوڵی لایەنەکانی جێبەجێکاری ڕیفراندۆمی نادەستوری لە هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی حاڵەتێکی خۆئامادەکردنی سەربازی بە بیانووی جیاواز، کە مەبەست لێی سەرلێشێواندن و چاوبەستکردنی هاووڵاتی کوردە بۆ لابردنی سەرنجیان لەسەر ئەنجامە خراپەکانی ڕیفراندۆم".

ئاماژەی بەوشداوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لەوجۆرە "لە بەرژەوەندی کورد نییە، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندی لایەنێکی دەسەڵاتداری هەرێمە کە دەستیگرتووە بەسەر سەرچاوەکانی ناوچەکە و هەوڵی لەناوبردنی هەر هەڵوێستێکی لێپرسراوانەی کورد دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

 هۆشداریشی داوە لە زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و ئەو "ئیستیفزازەی کە هێزەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی سنوری هەرێم ئەنجامی دەدەن و دەیانەوێت وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی ببەن لەپێناو ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی عێراق".

لەبەیاننامەکەدا ئەوش هاتووە کە سەرەڕای "دژایەتی و نیگەرانی هاوبەشەکانی تری نیشتیمان و دەرەوە بۆ سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە دەرەوەی دەستور و وەستانەوە بەڕووی کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا، ئاماژەیە بۆئەوەی کە نییەتێکی شاراوە هەیە بۆ پەنابردن بۆ هێز و سەپاندنی ئەمری واقیع".


لە ناوەرۆکی بەیاننامەکەی عەبادیدا هاتووە کە کۆکردنەوەی ئەندامانی چەکدار لە دەرەوەی سیستمی ئەمنی لە کەرکوک لەو حزبانەی کە لە کەرکوکدا بوونیان نییە، ئەوە سەرەڕای هاتنی هێزی ناڕێکخراو کە هەندێکیان سەربە ڕێکخراوی 
( پەکەکەی تورکیان )، کە ئەنجومەنەکە ئەوەی بە پێشهاتێکی مەترسیدار لە قەڵەمداوە و ناکرێت بێدەنگەی لێبکرێت، کە وەک ڕاگەیاندنی شەڕ وایە لەسەر هاووڵاتیانی تری عێراق و هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "حکومەتی فیدراڵی و هێزەکانی ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیان لە سەرجەم پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق بە کوردیشەوە، هەروەها بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی عێراق بە هاوکاری کۆمەڵی نێودەوڵەتی".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە پێویستە ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ سەرجەم ئەو ناوچانەی کە "هێزەکانی هەرێم لە ڕێگەی هێزەوە دەستی بەسەردا گرتووە، چونکە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەلایەن هێزەکانی فیدراڵی و ناوخۆییەکانەوە لەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیدا بەڕێوەدەبرێن".
لە ٢٥ ی ئەیلول دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان، زۆربەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق تەرخان کراوە بۆ بڕیاردان دژی دەسەڵاتداران و خەڵکی کوردستان. 



PM:09:04:15/10/2017