مەلا بەختیار: کێشەکانى یەکێتى گەیشتۆتە بنبەست‌ و مەترسی جیابونەوەی گەورە هەیە

 

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەى کارگێرى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى رایگەیاند مەترسیەکى گەورە لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە و دەشڵێت "کێشەکانى یەکێتى گەیشتۆتە بنبەست‌ و مەترسی جیابونەوەی گەورە هەیە".


مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەربارەی دۆخی شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ڕایگەیاند " روداوی كارەساتباری كەركوك، ئەگەر لەسەر هەركەس‌و گروپ‌و لایەنێك، هەر تاوانێك سەلمێندرا، ئەوكاتە دەبێ‌ دادگا توندترین سزایان بدات".

مەلابەختیار ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم روداوانە، لەخۆڕا رویاننەداوە هەرلایەك بەپێی سەنگی خۆی‌و هەموو كاربەدەستێكیش، بەپێی پێگەكەی، پشكی كارەسات‌و روداوەكانی بەردەكەوێ‌.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا مەلابەختیار دەڵێت "پێویستە لەناو یەكێتیدا بەهەمان شێوە، هەڵسەنگاندن لەسەر هۆكارە راستەقینەكانی كێشەو روداوەكانی ناو یەكێتیبكرێ‌. هەتا سەرئەنجامی هەڵسەنگاندن، بەبەڵگەی تەواوەوە، روداوە كارەساتبارەكان، ساغنەكاتەوە، پێشوەخت تومەت دابەشكردن لەراگەیاندن‌ و لەچاوپێكەوتنەكاندا كارێكی ناشایستەیە".

مەلابەختیار وتی " پەرلەمانی كوردستان، یان هەر كۆمیتەیەكی شارەزای بێلایەن، هەڵسەنگاندێكی قوڵی هەمەلایەنە، بەبەڵگەوە، لەسەر كۆی روداوەكان بكات".

لێپرسراوی دەستەى کارگێرى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى، لەو ڕاگەیەندراوەدا وتوویەتی "کێشەکانى یەکێتى گەیشتۆتە بنبەست‌ و مەترسی جیابونەوەیەكی گەورە، هەڕەشە لەیەكێتی دەكات، دوو ئیدارەیی‌و جیابونەوەی ناو یەكێتی یان جیابونەوەی ناو یەكێتی‌و دوو ئیدارەیی، لەم هەلومەرجەی دوای كارەساتی كەركوك، پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان بەیەكەوە هەیە."

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی  ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام لەكۆبونەوەی دووقۆڵی یەكێتی‌و پارتی‌و سێقۆڵی لەگەڵ پارتی‌و یەكگرتوشدا، سور بووە لەسەرئەوەی بەدیلی ریفراندۆم قبوڵ بكەین، وتیشی "هەلپەرست ‌و هەرزە ئەقڵەكانی ناو یەكێتی ‌و فەیسبوكبازەكانیش هەر خەریكی شێواندنی زهنیەتی خەڵكن".

مەلابەختیار لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا وتوویەتی "دژی جیابونەوەم لەناو یەكێتیداو دژی دوو ئیدارەییم. بەتوندی دژی ئەوەشم جگە لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناو یەكێتی، هیچ رێگەیەكی تر بگیرێتەبەر".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا مەلابەختیار ڕاشیگەیاند "هیچ كەسێك ‌و هیچ بنەماڵەیەك، بۆی نەبێ‌، لەباتی ئۆرگانە رەسمییەكانی یەكێتی، بڕیار بدات، یان كۆبونەوە لەگەڵ هیچ لایەكدا بكات".

دەشڵێت "لەبەشێكی بەرچاوی سیاسەتدا، بەهۆی هەلپەرست‌و هەرزەكارانەوە، شكستمان خوارد".



PM:05:15:18/10/2017