رۆزنەفت گرێبەستی دەرهێنانی نەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کرد

کۆمپانیای رۆزنەفتی روسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی گەڕان و دەرهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان واژۆکرد. رێککەوتننامەکە تایبەتە بەو پێنج بلۆکەی وەبەرهێنان کە دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە.

بە پێی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای رۆزنەفت، پشکی گرووپەکانی کۆمپانیای رۆزنەفت لە رێککەوتننامەی هاوبەشی وەبەرهێنان 80% دەبێت و بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ هەریەک لە پێنج بلۆکەکە لە 40 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 110 ملیۆن دۆلار دەڕوات.

لەراگەیەنراوەکەدا کۆمپانیای رۆزنەفت، بەرهەمهێنان لە ساڵی 2018دا دەستپێدەکات و لە حاڵەتی سەرکەوتنیشدا لە ساڵی 2021 دا گەشەی زیاتر بە کارەکان دەدرێت و وەبەرهێنانی تەواو جێبەجێدەکرێت.

رۆزنەفت باس لەوە دەکات کە پێشبینی دەکرێت بەلایەنی کەمەوە یەدەکی نەوت لەو پێنج بلۆکە بگاتە 670 ملیۆن بەرمیل نەوت. دەقی رێککەوتننامەکە پێشتر لە کۆڕبەندی ئابووری سان پیتەرسبۆرگ لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردوودا ئامادەکرابوو.




PM:08:22:18/10/2017