" ناکۆکیەکانی نێو یەکێتی قوڵدەبنەوە "

دوای داگیرکردنی کەرکوک لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، کێشەکانی نێو یەکێتی قوڵدەبنەوەو ئگەری لێکترازانی لێدەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەسپی راگەیاند" لە لەشکرکێشی هێزە عێراقییەکانەوە بۆ سەر شاری کەرکوک و شەڕکردنی هێزێکی کەم لەو هێرشەداو سەنگەر چۆڵکردنی هێزێکی زۆری پێشمەرگە لەو شارە، کێشەکانی یەکێتی گەیشتۆتە ئاساتێک کە بۆیان چارەسەر ناکرێت و ئەگەری لێکترازانی تەواوی لێدەکرێت".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەیئ بۆ ئەوە کرد کێشەکانی نێو سەرکردایەتی یەکێتی گەیشتۆتە ئاستێک کە دوێنی لە بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی دەمەقاڵێ توند لە نێوان مەلا بەختیار و بافڵ تاڵەبانی روویداوەو ئەندامانی تری مەکتەبی سیاسی لەیەکیان جیاکردوونەتەوە. ( بافڵ تاڵەبانی زاوای مەلا بەختیارە و کورە گەورەی تاڵەبانییە).

لەلایەکی ترەوە دوێنێ چوار شەممە ١٨ ی تشرینی یەکەم، جگە لەمەلا بەختیار راگەیاندراوێکی بلآوکردەوە، هاوکات کۆسرەت رەسولێش لە بەیاننامەیەکدا ئەو کەسانەی کە لەیەکێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی و سووپای عێراق رێککەوتوون بە " کەڵفام " ناوزەد کرد، دواتر بەرهەم ساڵح کە پێشتر جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بوو، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەبات بۆ لای کۆسرەت رەسوڵ تا ئاشتیان بکاتەوە، بەلآم پێدەچێت ئەو سەردانەش ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووبێت.

سەرچاوەکەی سپی، ئاشکرای کرد کە یەکێتی نازانێت چۆن و بە چ میکانیزمێک ئەو کێشانە چارەسەر بکات، بۆیە ئەگەری لێکترازانی لێدەکرێت.

کێشەکانی یەکێتی ئەو دەمە گەیشتە ترۆپکی تەقینەوە، کاتێک چەند کەسێکی بنەماڵەی تاڵەبانی رێککەوتنیان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کردبوو کە بکشێنەوە لە کەرکوک بەبێ تەقە، بەلآم جێگری سکرتێری گشتی و بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدا نەبوون لەگەڵ پارتیدا بڕیاری بەگریکردنیان لەشارەکە دابوو.   



PM:05:30:19/10/2017