ئاشتی هەورامی داوای پاڵپشتی دەکات

وەزیری سامانە سروشتییەکان دوای چەند ڕۆژێک لە کۆنترۆڵکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەرکەوتەوە و  داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتی دەکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە نەوتدا ڕایگەیاندووە، "ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە" و داوای لە کۆمپانیاکانی ووزەش کردووە کە بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی هەرێم کە مانگی ڕابردوو ڕۆژانە زیاتر لە ٥٥٠ هەزار بەرمیلی هەناردەکردووە.

وەزیری سامانە سروشتیەکان لەو کۆنفرانسەدا کە لە شاری ڤێرۆنا لە ئیتاڵیا بەڕێوەچووە وتوویەتی "داواتان لێدەکەم کە کوردستان لەبیرنەکەن، شەڕی داعش کۆتایی هات، بەڵام شەڕی ئێمە لەوێ دەبێت بۆ هەمیشە، کاتێک باسی وەبەرهێنان و پرۆژەکان دەکەین دەبێت ئەوەش بزانین کە وەبەرهێنان گەشەناکات ئەگەر ئەمنیەت نەبێت".

هەورامی وتووشیەتی "هاوشێوەی ڕۆسنەفتی ڕووسی داواتان لێدەکەم کە بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی کوردستان، بەو شێوەیەش کوردستان دەتوانێت بەردەوامبێت. ڕۆسنەفت لە هەرێمەکەماندا نوێیە، بەڵام لەوانەیە دواین وەبەرهێنبێت لە کوردستان کە بەرژەوەندی هەیە".

دەرکەوتنی ئاشتی هەورامی لەو کۆنفرانسە دوای ڕۆژێک لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی کۆمپانیای ڕۆسنەفت بوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پێنج کێڵگەی نەوتی.

ئەمە یەکەم دەرکەوتنی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمە لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی بیرە نەوتەکانی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتەکەیدا بەڕێوە دەبران.

هاوکات هەر ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، كۆمپانیای شیفرۆن، کە گەورەترین کۆمپانیای بواری دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوتە لە هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا راگرتنی سه‌رجه‌م كاره‌كانی له‌بواری دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنانی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و هۆکارەکەشی بۆ ناسه‌قامگیری دۆخی ئه‌منیی هه‌رێم گەڕاندەوە.



PM:11:17:19/10/2017