سەفین دزەیی: چەند وڵاتێک لەپەیوەندیدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند " چه‌ند وڵاتێک بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد له‌سه‌ر خه‌تن و له‌په‌یوه‌ندیدان وه‌ك(به‌رلین،مۆسكۆ،و ئه‌مریكا)".
 
وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردسان لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "ئێران هاوكاری هێزه‌ عێراقیه‌كان و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌ بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر كه‌ركوک و فشار خستنه‌ سه‌ر به‌شێک له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ جێ به‌جێ كردنی پڕۆژه‌ی ڕاده‌ستكردنی كه‌ركوک".

سه‌فین دزه‌یی وتی "حكومه‌تی هه‌رێم پێشوازی له‌هه‌ر هه‌وڵێكی ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ده‌كات و ئێشتاش چه‌ند وڵاتێک بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد له‌سه‌ر خه‌تن و له‌په‌یوه‌ندیدان وه‌ك(به‌رلین،مۆسكۆ،و ئه‌مریكا)".

وتەبێژی حکومەتی وتیشی "حكومه‌تی به‌غداد مه‌رجی پێش وه‌خته‌ی هه‌یه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ و ئێمه‌ش داواده‌كه‌ین هیچ مه‌رجێكی پێش وه‌خته‌ نه‌بێت،بۆ نمونه‌ ڕاده‌ستكردنی فڕۆكه‌خانه‌ یا خاڵی گومرگی ئه‌مانه‌ ورده‌كارین و پێویسته‌ له‌كۆبونه‌وه‌ باسیان بكه‌ین نه‌ك بكرێنە‌ مه‌رجی پێش وه‌خت‌".

سه‌باره‌ت به‌ مه‌رجی به‌غداد بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم به‌ته‌واوی بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی گفتۆگۆكان،سه‌فین دزه‌یی دەڵێت "حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری ڕیفراندۆمی نه‌داوه‌ تا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ لای ئه‌و بێت،به‌ڵكو ئه‌وه‌ بریاری میلله‌ت و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بوه‌ پێویسته‌ ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ بریار له‌وباره‌یه‌وه‌ بدات".

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ده‌نگۆی به‌شداری كردن له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كه‌ركوک، وتی "ئه‌وه‌ تۆمه‌ت نیه‌ به‌ ئاشكرا دیاره‌ كه‌ ئێران به‌شدار بوه‌ و هاوكار بوه‌ ته‌نانه‌ت فشاری خستۆته‌ سه‌ر به‌شێك له‌و لایه‌نه‌ی كه‌ كه‌ركوكی به‌جێهێشت به‌ ئاشكرا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ فشاریان له‌سه‌ر بوه‌ و هه‌ره‌شه‌یان لێكراوه‌ بۆ جێ به‌جێ كردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئیتر پێویست به‌ ته‌خمینات ناكات ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ ته‌نانه‌ت وێنه‌ی قاسم سلێمانی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌و سه‌ركردانه‌ بڵاو بوه‌وه"‌.




PM:08:56:21/10/2017