ئەمەریكا: میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەبێت عێراق چۆڵ بكەن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كە بۆ كۆتایی هێنان بە دەستوەردانەكانی ئێران لەناوچەكە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردوە، خوازیاری چوونەدەرەوەی میلیشیاكانی سەر بەكۆماری ئیسلامی لەعێراق بوو.

رێكس تیلرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی لە ریازی پایتەختی سعودیە وتی "سەرجەم میلیشیا بیانییەكان دەبێت عێراق چۆڵ بكەن". راشیگەیاند "ئێستا كە شەڕ لەگەڵ داعش لەكۆتاییەكانی خۆی نزیك بووەتەوە، میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەبێت بۆ ماڵەكانیان بگەڕێنەوە".

تیلرسن پاش بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاوئاهەنگی پەیوەندییەكانی سعودیە‌و عێراق، داوای لە هەر دوو وڵات كرد بەرامبەر بە ئێران سیاسەتی هاوبەش بگرنەبەر.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی لەگەڵ عادڵ جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە وتی كە ئەمەریكا بەدوای سەقامگیركردن‌و بەختەوەرییە لەعێراقدا، ئەمەش لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێراندا نایەتەوە.

تیلرسن سەرەڕای رەخنە لە دەورونەقشی سوپای پاسداران لە عێراق وتی "ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان‌و كۆمپانیاكان بەتایبەت لە ئەوروپا دەكەین كە پشتیوانیی ئەو ئابلۆقانە بن كە دژی سوپای پاسداران دانراون تا لەو رێگەیەوە بەر بە چالاكی تێكدەرانەی سوپای پاسداران لەناوچەكە بگیرێت".

سەردانەكەی تیلرسن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە درێژەی ستراتیژی نوێ حكومەتی دۆناڵد ترامپە بۆ رێگە گرتن لە تەشەنەسەندنی دەسەڵاتی ئێران لەناوچەكەدا.



AM:09:36:23/10/2017