دەروازەیەكی سنوری بەڕووی هەرێمدا كرایەوە

دوای نزیكەی 10 رۆژ لە داخستنی لەلایەن ئێرانەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، خاڵی سنوری باشماخ كە دەكەوێتە قەزای پێنجوێن لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێران كرایەوە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان بە بە ماڵپەڕی (رووداو)ی راگەیاندووە، بەیانی رۆژی چوارشەممە 25-10-2017 سنووری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كرایە‌وە، وتیشی "هیچ رێككەوتنێك بۆ كردنەوەی دەروازەكە نەكراوە و ئێران خۆی ئەو دەستپێشخەرییەی كردووە".

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكان ئەوەشی خستەڕوو، تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ كردنەوەی هەردوو دەروازە نێودەوڵەتییە فەرمییەكەی دیكە (حاجی ئۆمەران ‌و پەروێزخان) دەرنەچووە. 

ئەوە لەكاتێكدایە شەوی رابردوو سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی راگەیاند كە ئەمڕۆ ئێران دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ پارێزگای سلێمانی دەكاتەوە.

وەك كاردانەوە بەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی، ئێران لەسەر داوای حكومەتی عێراق رۆژی 15-10-2017 هەرسێ‌ خاڵە سنوورییە فەرمییەكە (پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران)ی بەڕووی هەرێمی كوردستان داخست.




ئه‌م بابه‌ته ‌22733 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:28:25/10/2017