وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی ئەبو مەهدی موهەندیسەوە وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی ئەبو مەهدی موهەندیسەوە وەڵامی  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت، "قوربانی گەورەی لە شەڕی دژی تیرۆردا داوە".


لە راگەیەندراوێکدا، ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند "ئەو لێدوانە لەبارەی ناساندنی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە تیرۆریست رەتدەکەینەوە و هاوکات داوا دەکەین وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێداچوونەوە بەو لێدوانە بکات کە پێچەوانەیە لەگەڵ واقیع".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژی داعش کردووە و دەڵێت، "چەکدارانی حەشدی شەعبیش بەشێکن لەو هێزانە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت "لێرەدا جەختدەکەینەوە حەشدی شەعبی بەشێکە لە هێزە عێراقییەکان و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندان و لەگەڵ هێزەکانی دیکە پاڵەوانانە دەجەنگن، ئەبو مەهدی موهەندیس، کە جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییە پێگەکەی یاساییە و قوربانی گەورەی داوە لە شەری دژی تیرۆر".

رۆژی پێنجشەممە لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی رۆڵی ئەبو مەهدی موهەندیس لە شەڕی کەرکووک، هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەبو مەهدی موهەندیس تیرۆریستە".

ئەبوهەمدی موهەندیس لە ساڵی 1953 لە بەسرە لەدایکبووە، بەپێی زانیاری وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا راوێژکاری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە.

لە ساڵی 2009 وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسی بەهۆی ئەندامبوون لە گرووپی حیزبوڵای لوبنان خستە لیستی تیرۆره‌وە و دەڵێت تۆمەتبارە بە کوشتن و رفاندنی سەربازانی ئەمریکی و عێراقی. 



PM:10:43:27/10/2017