عەبادی: گەندەڵی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە بۆیە نەیانتوانی روبەروی داعش ببنەوە

حەیدەر عەبادی رایدەگەیەنێت، گەندەڵی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە کە ئەوەش وایکرد هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٤ نەتوانێت روبەروی چەکدارەکانی داعش ببێتەوە و داوای یارمەتی لە ئەمریکا و ئێران کرد.


ئەمڕۆ رۆژنامەی ئیندپێندێنتی بەریتانی چاوپێکەوتنێکی لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت '' ئاشتی لە عێراقدا بەرپا دەبێت ئەویش بەهۆی شکستی داعش و ئەو کوردانەی ویستیان جیاببنەوە، عێراق سنورێک بۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دادەنێین''.


راشیگەیاند '' شانازی دەکەم بەوەی کە هێزە عێراقییەکان بە قوربانییەکی کەم توانییان کۆنترۆڵی ناوچە کێشە لەسەرەکان بکەن ، فەرمانم کرد بە هێزەکان کە هەتا دەتوانن شەڕ نەکەن، چونکە شەڕکردن لەنێوان پێشمەرگە و حکومەتی عێراق کارەکە ئاڵۆز دەکات''.


وتیشی '' سەرجەم سنورەکانی عێراق لە ناوەوە و دەرەوە پێویستە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند بێت، بۆیە پێویستە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان و خاڵی سنوری فیشخاپور بەهەمان شێوە لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند بێت''.


ئاماژەی بەوەشداوە، کە حوکمەتی عێراق پێیوایە کە دەبێت پێشمەرگە ببێت بەشێک لە هێزە عێراقییەکان یان ببێتە هێزێکى ناوخۆیى.



AM:11:09:31/10/2017